ئاگری بێ دووكە‌ڵ

حەمەسەعید حەسەن

تۆڵەی خودایی
کـــە وازی لـــە موختاری هێنا، ماڵەکەی کرد بە قومارخانە. ســـەرەتا خۆیشـــی قوماری دەکرد، لـــێ دواتر هەر واری(1) وەردەگرت، هەرچەندە دانانی قومارخانە یاســـاخ بوو، بەڵام ئەو چونکە دەزگای ئاسایشـــی لە هەموو ئەو هەواڵانە ئاگادار دەکردەوە کە قومارچییەکان بە سەرخۆشی دەیاندرکاندن، بەعس نەک هەر چاوپۆشی، داکۆکیشی لێ دەکرد.
چونکە شـــەو تا بەیانی، قومار بەدەم خواردنەوەی عارەقەوە، لە ماڵەکەیـــدا گەرم بوو، ژاوەژاوی قومارچییەکان گەڕەکی هەراســـان کردبوو، بۆیە درواســـێیەکانی چەند جارێک مەزبەتەیـــان(2) لێ کردەوە، وەلێ چونکـــە ڕژێم وەک بنکەیەکی کۆکردنەوەی دەنگوباس سوودی لەو قومارخانەیە دەبینی، گازندەی خەڵکی گەڕەکی بە هێند نەدەگرت.
خـــوا تۆڵـــەی ئەو خەڵکەی لێ ســـەندەوە، پێش مردنی بە دوو ســـێ ســـاڵ، بەجۆرێک گەڕ و گولی کـــرد، کە مرد هیچ مردووشۆرێک بێزی نەدەهات بیشوات، بۆیە بەبێ شوشتن، شارەوانی بە شەو بە شۆڤڵ لە شیوێکدا شاردییەوە. (1) وار: بڕەپارەیەکە خاوەنی قومارخانە لە قومارچییەکانی وەردەگرێت. (2) مەزبەتە: نامەیەکە هاووڵاتییان ســـکاڵا و خواستی خۆیانی تێدا دەخەنە بەر چاوی دەسەڵاتداران. پێش ئەو، مەزبەتە تەنیا لە ژنانی چێژفرۆش دەکرایەوە.
(**) دەهۆڵ و ڕابوون
کەرێک بە پارەی بەفر کڕیبێتمان، ئاو دەیبات. تا ســـنوورداش نەکرابوومەوە، گاڵتەم بەو قسەیە دەهات. باوکم گۆڕەکەی تژی بێت لە کاغەزی قومار، بە پارەی وار، ســـامانێکی باشـــی پێکەوە نابوو، بە بڕێک لەو پارەیە، ناســـنامەی ســـاختەم پەیدا کرد کە گوایە خەڵکی دەڤەری بن دەســـەڵاتی بەعســـم. (من کە تەنیا لەڕێی بنی کەوشەکانمەوە پێوەندیم بە خاکی نیشـــتمانەوە مابوو،) هەر بە پارەی وار، پاســـپۆرتێکی قولابیشـــم پەیدا کرد و بەچاوپۆشـــین لەوەی وڵات شیرینترە، لە شەکرەشـــامدا بارگەم خســـت. هەر بە هەمان پارە، یۆنانیشم ئاوەدان کردەوە و لە دەرگەی سوێدیشم دا. کە دوای شەش
مانگ ژیانی دژواری وڵاتی بەفر و تاریکی، لە تورکیاوە سنوورداش کرامەوە، یەک دۆلارم پێ نەمابوو.
بڕوا ناکەم تازە هەرگیز بتوانم ئەو برینە سەخت و قووڵانە ساڕێژ بکەم کە بەهۆی ڕاپەڕینەوە لە ناخمدا تەقینەوە من کێوێک بووم ڕابوون هەرەسی پێ هێنام پێم وایە قەت جارێکی دی بە هەردوو لاقی ساغی خۆم لەسەر زەوییەکی پتەو ڕاناوەستم
پێم خۆشبوو، بۆ ئەوەی ناوی باوکم کوێر نەبێتەوە و گیانی شاد ببێت، قومارخانەیەکی گچکە بکەمەوە و بژێویی خۆم بە وەرگرتنی وار دابین بکەم، وەلێ چونکە پارەی ئەو پرۆژەیەم نەبوو، بە ئومێدی شاباشی لایەنێکی خاوەندراو، خووم دایە کوتانی دەهۆڵ و لە کۆرسێکی زوڕنایشدا خۆم ناونووس کرد.
ڕابوونی لەشکری لەژمارەنەهاتووی کۆمەڵانی خەڵکی هەرچی و پەرچی نەبووایە، نە گەجەر و گوجەر باسکیان لە گەردنی شـــۆڕەژنی دەســـەڵات دەئاڵا و نە دەروازەی بەخت بە ڕووی مندا کڵۆم دەدرا. هەڵەی خۆیشـــمی تێدابوو، من دەبوو یان لـــەو گۆمـــەدا کە هەنووکە بە لیخن نێوزەد دەکرێت، مەلەم نەکردبا، یان کە کردم، تا ناوەندی چووبام. منێک کە لە تافی لاویمـــدا، لە قومارخانەکەی بابمدا مەزەگێڕ بووم، ئێســـتا کە بەم ئاخری پیرییەوە، ڕۆڵی شۆڕشـــگێڕ دەبینم، خۆم وەک
کلاون دێتە پێش چاو

ھەواڵی زیاتر