كارکردن، کرۆکی ژیانی مرۆڤە و هۆکاری سەرەکیە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران. لەم سەردەمەدا و لە سەرلەبەری جیهاندا بە رێژەی جیاواز، ئافرەت و پیاو، دایك و باوك، پێكەوە شانیان داوتە ژێر باری قورسی دابینكردنی داهاتی خێزانی و لە كوردستانیشدا كرانەوەیەكی بەرچاو بە رووی كارکردنی خانمان لە دەرەوەی ماڵدا بەدی دەكرێت. ئەگەرچی ئافرەتان زیاتر لە كەرتی حكوومی دامەزراون، بەڵام ژمارەیەكی زۆریشیان روویان لە كەرتی ناحكوومی كردووە و لە كۆمپانیا و مۆڵ و ماركێتەكاندا و تەنانەت لە كارگەكاندا كار دەكەن، ژمارەیەكیشیان روویان لە كاری تایبەتی كردووە و هەندێکیشیان بە شانازیەوە خاوەن کاری تایبەت بە خۆیانن و هەلی کاریان بۆ ئافرەتانی دیکەش ڕەخساندووە.
ئافرەتانی كورد چ ئەوسا و چ ئێستا لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا هەمیشە بە دەستڕەنگینی و لێهاتوویی لە كاردا ناسراون. لە ژیانی كوردەواریشدا زۆر جار دەبینین كە خانمان كاری ناوازە دەكەن، بیرۆكەی ئەو بەرهەمانەشیان لەلایەن خۆیانەوە داڕشتووە و كاریان بۆ كردووە، نموونەی ئەو كارە جوانانەش ئەو ئافرەتە دەستڕەنگینانەن كە تەنیا بە فێربوون و حەز و خولیای خۆیان، توانیویانە كۆمەڵێك بەرهەمی رستن و چنین بە دەستە رەنگینەكانیان بچنن و دروست بكەن و دواتریش بە پیشاندان و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا توانیویانە کڕیار بۆ خۆیان ڕابکێشن و بەرهەمەکانیان ساخبکەنەوەو داهاتێک بۆ خۆیان دابین بکەن.
لە ئێستادا نمونەی ئەو ئافرەتە دەستڕەنگینانەمان گەلێک زۆرن کە بە کاری جیا جیا بژێوی ژیانی خۆیان دابین دەکەن کە زۆرینەیان ناوبانگیان پەیداکردووە لە بوارەکانی خۆیاندا. هەندێکیان بە کاری دەستی کەلوپەلی ناوماڵ و هەندێکیان بە کاری چنین و درومان و هەندێکی تریشیان بە کاری هەویرسازی و خواردن دروستکردن.
زۆرینەی خانمان لە ئێستادا توانیویانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەنە پلاتفۆرمێک بۆ پیشاندان و نمایشکردنی بەهەمەکانیان و لەو ڕێگەیەوە توانیویانە کڕیار بۆ بەرهەمەکانیان پەیدابکەن. هەندێکیشیان لە ڕێگەی نمایشکردنی بەرهەمەکانیان لەو پێشانگایانەدا کە بۆ کارە دەستییەکان سازدەکرێن بەرهەمەکانیان ساخدەکەنەوە.
گروپی (خانمانی دەستڕەنگین) لە هەڵەبجە نموونەیەکن لەو کۆمەڵە خانمەی کە بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆیان توانیویانە بە کاری دەستی و چنین و درومان ئەگەر چی بڕێکی کەمیش بێت داهاتێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
ئەڵوەند هەڵەبجەیی تەمەن ٤٠ ساڵان دەڵێت «سەرەتا وەك فرۆشیار دەستمان بەم كارە كردووە کە كۆمەڵێك دەستەخوشك بووین پێكەوە بەرهەمەكانمان هەفتەی یەك جار دەبردە باخی گشتی و راماندەنا بۆ فرۆشتن، دواتر بە هاوكاریی دەستەی خانمانی هەڵەبجە و بە هاوكاریی بەڕێز سەرۆكی شارەوانی، بازاڕێکیان بۆ دابین كردووین، كە لە چەند دووكانێك پێكهاتووە و ئێمەش بەرهەمەكانی تێدا نمایش دەكەین. لێرەدا هەر كەسێك شتێكی هەبێت، لەهەر بابەتێك، دەتوانین بیفرۆشین و دڵی خوازیارانی كارەكانمان رازی بكەین.»
کۆچەر جەلیل، ئەو خانمە دەسڕەنگینەیە کە کارێکی جیاوازی هەڵبژاردووە و چوکلێتدان و گوڵدانی گوڵی سروشتی و ناسروشتی و مێز و تەپڵەکی دانیشتن و کرداری بچووک بۆ ڕازاندنەوەی ماڵ دروست دەکات و دەڵێت «پیشتر بۆ خۆم هاوڕێکانم و ناسراوەکانم شتم دروست دەکرد، دوایی کارەکەمم گەورەتر کرد و برەوی زیاترم پێ دا، بۆ کەسانی نەناسراویش، تا ئەو ڕادەیەی بڕێکی ماددی باشم لێی دەست دەکەوێت. ئەو مادانەی بەکاری دێنم بریتیە لە پەڕۆ، چیمەنتۆ،لم هیلم، بۆڕەک؛ شتی نیمداشت و بەکارهاتوویش بەکار دەهێنمەوە، وەک قاڵب وەک سەتڵی ماست و دەبەی شامپۆ و بیبسی.»
کردار و كاری دهستی ماوهیهكه له ناو کۆمەڵی ژنانی كورددا زیاتر گرنگی پێ دهدرێت و ساڵانه له شارهكان پێشانگای تایبهت بهخۆیان دهكهنهوه و دهستڕهنگینییان تێدا دهردهكهوێت، بهجۆرێك زۆربهی ئهو كهسانهی ئهو كاره دهكهن بووه به داهاتێكیش بۆ ژیانیان.