دەزگای هەڵبژاردنی پارتی: ئێمە هەموو کاتێک ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئێمە هەموو کاتێک ئامادەین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر سبەیش بێت، بەڵام کاتی کەم ماوە و زەحمەتە ئەمساڵ هەڵبژارن بکرێت، چونکە کۆمسیۆن بۆ ئامادەکارییەکان شەش مانگی پێویستە.

خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”وەکوو سەرۆک بارزانی فەرمووی هەرکاتێک کۆمسیۆن ئامادە بێت و لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمان ئامادە بن بۆ هەڵبژاردن، چ لە 1/10 بێت، یان زووتریش بێت، ئێمە وەکوو پارتی ئامادەین و بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمانە ئێستا ئەستەمە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، چونکە کۆمسیۆن شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەکاری و ئێستا دوو مانگی ماوە بۆ 1/10 و کۆمسیۆن ماوەی بەسەرچووە و پێویستە لە پەرلەمان شەرعیەتی پێ بدرێت و لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمان لەبارەی ئەو هەڵبژاردنەوە بگەنە ڕێککەوتن، چونکە هەندێک بڕگە هەن پێویستە دەستی بۆ ببەن لەبارەی کۆمسیۆن و ئەو داتایانەی لەبەردەستە، کە داتای بایۆمەتریی عێراقە، بۆیە پێشبینی دەکەم ئەو هەڵبژاردنە ئەمساڵ نەکرێت، چونکە ماوەیەکی کەممان لەبەردەستدا ماوە” .
خەسرەو گۆران ڕوونیشی کردەوە: ”دۆخی عێراق کاریگەریی هەیە لەسەر پرۆسەکانی دیکە و کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت، بۆیە بە بۆچوونی ئێمە پێکنەهێنانی حکوومەتی عێراق کاریگەری هەبووە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان، بەڵام ئێمە وەکوو پارتی ئامادەین بە هەمان کۆمسیۆن و یاسا و ڕێسایانەی هەیە، سبەی هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام ئەگەر لایەنەکانی دیکە بە شێوەیەکی دیکە بیر دەکەنەوە و یان خود نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، پێویستە پەرلەمان ئەوانە دیاری بکات.”
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ”چەندین جار کۆبوونەوە کراوە لێرە و لە سلێمانی و بە دووقۆڵی و پێکەوە و بە ئامادەبوونی یوئێن لە سەرۆکایەتیی هەرێم هەشت نۆ کۆبوونەوە کراوە، چەند گرفتێک هەیە، هەندێک لایەنی سیاسی دەیانەوێت شێوازی هەڵبژاردن لە یەکبازنەیی بۆ فرەبازنەیی بگۆڕدرێت و شێوەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان بۆ کۆتاکان بگۆڕدرێت و هەندێک لایەن دەیانەوێت بە تۆمارێکی دیکەی دەنگدەران بچینە هەڵبژاردنەوە، ئەوانەش گرفتی گەورە نین، چونکە ئێمە بە هەموو شێوەیەک خۆمان ئامادە کردووە و ئامادەین هەر چۆنێک بێت و بۆ کۆتاکانیش، پرسیار بە ئەوان بکرێت و بزانن ئەوان چۆنیان دەوێت.”

ھەواڵی زیاتر