هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 8, 2024

ئەنجومەنی وەزیران ڕێکخستنەوەی کارەبای نیشتمانیی و بابەتی گرانبوونی نرخی سووتەمەنییەکان تاووتوێ دەکات

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە داشکاندنی ڕێژەی 15٪ ی قەرزی کرێی کارەبا وسزادانی دواکەوتن وسەرپێچی کارەبا، بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تا کۆتایی ئەمساڵ، بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە.

• ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، ئاسانکاریی تەواو بکەن و مۆڵەت بدەن بە هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانەی، کە ئامادەن سووتەمەنی بە نرخی گونجاو، هاوردەی هەرێم بکەن، بە مەرجی پابەندبوون بە پێوەرەکانی کوالیتی سووتەمەنی هاوردەکراو و سەلامەتی و تەندروستیی گشتيی هاووڵاتیان.

ئەمڕۆ چوارشەممە 27ی ئۆکتۆبەری 2021 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو. لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، کەمال محەمەد وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی دەربارەی هەنگاو و پڕۆژەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ ڕێکخستنەوەی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکان خستەڕوو، هەروەها باسی لەو پڕۆژانە کرد کە تایبەتن بە هاوبەشيپێکردنی کەرتی تایبەت،لە قۆناغەکانی دابەشکردن وگواستنەوەی کارەبا و کۆکردنەوەی داهاتی کارەبا .

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیری کارەبا و وەزارەتەکەی بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کەرتی کارەبا لەم کابینەیە و زیادکردنی دەمژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی بەراوورد بە ساڵانی ڕابووردو ، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد کە ئامادەسازیی بکەن بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا بۆ هاووڵاتیان لە وەرزی سەرما و کۆنتڕۆڵکردنی بەفیڕۆچوونی کارەبای بەرهەمهاتوو ، کارئاسانییەک بۆ هاووڵاتیان لە سەر پێشنیاری ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە داشکاندنی ڕێژەی 15٪ ی قەرزی کرێی کارەبا و سزادانی دواکەوتن وسەرپێچی کارەبا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تا رێککەوتی 2021/12/31 بڕی پارەی پێویست دەدەن کە لە ئەستۆیانە، بڕیارەکەش لە 1ی نۆڤێمبەرەوە 11/1 جێبەجێ دەکرێت. ئەنجومەنی وەزیران جەختیشی کردەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە سووتاندنی ئەو غازەی کە هاوەڵی نەوتی بەرهەمهاتووە لە کێڵگە نەوتییەکان و پێویستە بەکاربهێنرێتەوە وەک سەرچاوەی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا.