ژمارەی قوربانییانی پەلامارەکەی شەوی رابردووی داعش بۆسەر گوندی رەشاد سەربە قەزای میقدادییە (شارەبان) باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی عێراق بەرزبوویەوە بۆ 15 کوژراو و 13 بریندار.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە لە ئاکامی پەلامارەکەی شەوی رابردووی داعش بۆسەر گوندی رەشاد، 11 کەس کوژراون و 12ی دیکەیش برینداربوون.
سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی تەندروستیی پارێزگای دیالە راگەیاند، ژمارەی قوربانییانی پەلامارە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردووی داعش بۆسەر گوندی رەشاد سەربە قەزای میقدادییە بەرزبووەتەوە بۆ 15 کوژراو و 13 بریندار.
لە لایەکی دیکەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسوڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی ژمارەیەک راسپاردەی دەرکردووە بە ئامانجی راوەدونانی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و چڕترکردنەوەی ھەوڵە ھەواڵگرییەکان بۆ بەرگرتن لە ھەر پێشێلکارییەکی ئەمنی و رایگەیاندووە کە ئەنجامدەرانی تاوانەکەی میقدادییە، بەبێ سزا تێناپەڕن.
لیوا یەحیا رەسوڵ ئاماژەی بەوەیشداوە کە شاندێکی ئەمنی ھاوبەش سەردانی شوێنی تاوانەکەیان کردووە لە میقدادییە و دواتر لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان کۆبووەتەوە و گوتی: “لە میانی کۆبوونەوەکەدا، لەبارەی دانانی پلانێکی تۆکمەی ئەمنی و پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، ھەروەھا بڵاوکردنەوەی ھێزی زیاتر لە ناوچەکە گفتوگۆکراوە”.