سەرۆک بارزانی: شەهیدکردنی 8 هەزار کەس، کارەساتێکی زۆر مەزنە و لەبیر ناکرێت 

سەرۆک مەسعود بارزانی، لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی رووفاتی 100 ئەنفالکراوی بارزانییەکان گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: 39 ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعسی عێراق بەشێوەیەکی دڕندانە هەشت هەزار کەسی بێ گوناحی راپێچی بیابانەکانی باشووری عێراق کرد، کە لەنێویاندا منداڵی 12 ساڵی تا پیرەمێردی 90 ساڵی هەبوون، ئەوان هیچ گوناحێکیان نەبوو تەنها گوناحیان لای ئەو زاڵمانە ئەوە بوو بارزانی بوون.

دەقی گوتاری سەرۆک بارزانی:

میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان

هه‌موو لایه‌ك به‌خێربێن سه‌رچاوان

خوشك و برایانی من، كه‌سوكارانی ئه‌نفالكراو

دیسان جارێكی دیكه‌ برینی كولی ئێمه‌ نوێبووه‌وه‌، ئه‌مڕۆ هه‌موومان له‌ پێشوازی رووفاتی 100 شه‌هید له‌و 8 هه‌زار شه‌هیده‌ی بێگوناح و مه‌زڵوم، كه‌ به‌ده‌ستی زاڵم و دیكتاتۆردا شه‌هید كراون، ئه‌مڕۆ ئێمه‌ پێشوازیان لێده‌كه‌ین.

بێگومانم گیانی پاكی ئه‌و شه‌هیدانه‌ به‌ر له‌وه‌ی رووفاتی ئه‌وان بۆ زێدی باوک و باپیرانیان بێته‌وه‌، روحی ئه‌وان ئاسووده‌ بووه‌، ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی دوێنێ هه‌ر له هه‌ولێره‌وه‌ تا گه‌یشتووه‌ته‌ ئێره‌، نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی روحی هه‌یه‌، له‌نێوان ئه‌و میلله‌ته‌ و شه‌هیده‌كانیان، ئه‌وه‌ نیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌، شه‌هیده‌كانی ئێمه‌ زۆر به‌ قه‌در و ئازیزن له‌لایه‌ ئێمه‌.

له‌ رۆژێكی وه‌كو ئه‌مڕۆ، 39 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا رژێمی دیكتاتۆری به‌عس به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ هەشت هه‌زار كه‌سی بێگوناحی راپێچایه‌ بیابانه‌كانی باشووری عێراق، منداڵی 12 ساڵی تا پیره‌مێردی 99 ساڵی تێدا هه‌بووه‌، ئه‌وانه‌ هیچ گوناحێكیان نه‌بووه‌، گوناحی ئه‌وانه‌ له‌لای ئه‌و زاڵمانه‌ ته‌نیا و ته‌نیا ئه‌وه‌ بووه‌، بارزانی بوون.

ئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی بارزانی بووبێت، شه‌هید بكرێت، شه‌هیدێكی زۆر مه‌زنه‌. دوژمنان زۆر جار دڵی خۆیان به‌وه‌ خۆش ده‌كه‌ن، كه‌ بارزانییه‌كان ته‌واو بوون، هه‌ر له‌ ساڵی 1892ـه‌وه‌ هه‌تاكو ئه‌مڕۆ 16 جار ده‌ڤه‌ری بارزان و گوندی بارزان سووتێنراوه‌ و وێرانكراوه‌، هه‌موو جارێكیش ئه‌و میلله‌ته‌ رووبه‌ڕووی ئه‌وه‌ بوونه‌ته‌وه‌ و ته‌سلیمی زۆرداران نه‌بوونه‌، ناوچه‌كانی خۆیان ئاوه‌دان كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌و ئیمانه‌، ئه‌و باوه‌ڕبه‌خۆبوونه‌ توندوتۆڵه‌، ئه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو قوتبی گه‌وره‌ بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌، هه‌ردوو مه‌ولای ئێمه‌، مامۆستای ئێمه‌، شه‌هیدی مه‌زن شێخ عه‌بدولسه‌لامی بارزانی، قوتبی مه‌زن، شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی، شه‌هیدی یه‌كه‌م رێگه‌ی شه‌هاده‌تی هه‌ڵبژارد و كوڕی ئه‌و میلله‌ته‌ ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ و ئه‌و رێگه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌، كه‌ شه‌هیدی مه‌زن، شه‌هید عه‌بدولسه‌لام بووه‌.

ئێمه‌ چه‌ند كاتژمێرێكه‌ به‌و گه‌رمایه‌ لێره‌ین، پێشبینی ئه‌وه‌ بكه‌ن، چه‌ند زه‌حمه‌ته‌، 11 تا 12 ساڵان مه‌ولای ئێمه‌ خوادنێ مه‌، شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی به‌ قه‌ید و زنجیره‌ له‌ زیندانی به‌سره‌ به‌رگه‌ی گرت، سه‌ری خۆی بۆ دوژمنان نه‌نواند، په‌یڕه‌وان و موریدانی ئه‌ویش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و رێگه‌ی ده‌ڕۆن.

شه‌هیدكردنی 8 هه‌زار كه‌س كاره‌ساتێكی زۆر مه‌زنه‌، برینێكی زۆر قووڵه‌، له‌بیر ناكرێت، لێره‌دا به‌ ئه‌ركی ده‌زانم، ئاماژه‌ به‌و دایكه‌ قاره‌مانه‌ بكه‌م، ئه‌وانه‌ی نه‌یانهێشت رۆڵه‌كانیان هه‌ست بە بۆشایی و نه‌بوونی باوكیان بكه‌ن، كرێكارییان كرد، به‌ ئاره‌قی نێوچه‌وانی خۆیان رۆڵه‌كانی خۆیان پێگه‌یاند.