رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ 39مین ساڵوەگەڕی جینۆسایدی بارزانییەکانە 

ئەمڕۆ 31ی تەمووز، 39 ساڵ بەسەر یەکێک لە تاوانە دڕندەكانی كومەڵكوژی دژ بە گەلی كوردستان لەسەر دەستی فاشیزمی بەعس تێپەڕ دەبێت، ئەویش تاوانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدكردنی بارزانییەكانە کە تێیدا هەشت هەزار هاووڵاتیی بێتاوان کۆمەڵکوژ کران.

39 ساڵ لەمەوبەر و بەرەبەیانی 31/7/1983 بە پیلانێكی پێشتر بەرنامە بۆداڕێژراو ڕژێمی ڕووخاوی بەعس، بە فەرمانی سەددام حوسێن شاڵاوی ڕەشبگیریی بارزانییەكانی لە كۆمەڵگەكانی هەریر، قوشتەپە، بەحركە و دیانا دەستی پێ کرد و بردنیان بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق و لەوێ زیندەبەچاڵ و کۆمەڵکوژ کران.

تەنیا دوو مانگ دوای ئەو تاوانە دژەمرۆییە سەددام حوسێن مەبەستی ڕژێمەکەی لەو تاوانە نەشاردەوە و بەئاشکرا لە دەزگاکانی میدیاوە گوتی: “ئەوانە بەتوندی سزای خۆیان وەرگرت و فڕێ درانە دۆزەخەوە”.

بە گوێرەی ئەو پێوەر و یاسانەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێکڕای دەنگ لە 12-1-1951ـوە پەسەندی کردوون و کاریان پێ دەکرێت، قەتڵوعام و کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی و دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە.

دوای ساڵی 2005، لە کۆی 16 دۆسیەی کورد لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقدا، تەنیا شەش دۆسیە یەکلایی کرانەوە؛ لەوانە کیمیابارانی ھەڵەبجە، ئەنفال، بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکان و فەیلییەکان بە جینۆساید ناسێندران.

هەرچەندە دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق لە 3-5-2011 بڕیاری بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکەی داوە، بەڵام بەفەرمی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بە جینۆساید نەناسێندراوە و حکوومەتی عێراقیش داوای لێبووردنی لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و بارزانییەکان نەکردووە و قەرەبووی هیچیانی نەکردووەتەوە.

لە ساڵی 2005 ڕووفاتی 503 کەس لەلایەن وەزارەتی مافی مرۆڤ و لە ساڵی 2014یش 93 ڕووفاتی دیكە لەڕێگەی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە هێنرانەوە بارزان و گەڕانیش بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی دیکە بەردەوامە.

ڕۆژی شەممە 30/7/2022 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، ڕێوڕەسمی گەڕاندنەوەی ڕووفاتی 100 ئەنفالکراوی بارزانی لە بیابانەکانی سەماوە بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا هەریەک لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان ئامادە بوون.

وا بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 31/7/2022 لە ڕێوڕەسمێکدا ڕووفاتەکان لە دەڤەری بارزان بە خاک بسپێردرێن.