پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

هەولێر سەنتەری چارەسەری ئافرەتانی توندوتیژی ‌لێكراوی لێ کرایەوە

ماکوان عیززەت

بە مەبەستی پێشكەشكردنی هاوکاریی دەروونی و تەندروستیی گشتیی بۆ ئەو ئافرەتانەی تووشی توندوتیژی دەبنەوە، سەنتەری چارەسەری ئافرەتانی تووشبووی توندوتیژی لەنەخۆشخانەی لە دایکبوون و منداڵان لە هەولێر كرایەوە.

د. دلۆڤان محمەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر لە وتارێکدا وێرای دەستخۆشی لە هەردوو ڕێکخراو یونیسێف و کۆرۆدەید بۆ کردنەوەی ئەو سەنتەرە، هیوایخواست كە: ئەم سەنتەرە هاوکار و هۆکارێکی سەرەکی بێت بۆنەمانی توندوتیژی و کۆمەڵگایەکی ئارام و لەسەرخۆ و زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە ئافرەتان و بنبڕکردنی توندوتیژی و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بکات.
ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ڕێکخراوی یونیسێف و ڕێکخراوی کۆرۆدەید کاری تێدا کراوە و بریتییە لە ناوەندی ڕاوێژکاری و چارەسەری جەستەیی و دەروونی بۆ ئافرەتان و هەریەک لە وەزارەتی تەندروستیی و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی هەماهەنگی دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە و وەزارەتی تەندروستی، پەیداکردنی کارمەند و دابینکردنی کەرەستە و خەرجییەکانی گرتووەتە ئەستۆ .