تەنیا پارتی بە ڕاشکاوانە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بوو

پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تا ئێستا بە تەواوی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان چارەسەر نەکراوە، بەڵام لە ھەندێک خاڵدا گەیشتوونەتە بۆچوونی ھاوبەش، بڕیاریش وایە جارێکی دیکە کۆبوونەوەکان دەست پێ بکەنەوە و، بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان بە رەشنووسێک بۆ سەرۆکی ھەرێم بەرز بکرێتەوە.

جگە لە ئەنجامدانی دوو کۆبوونەوەی مەکتەبی ھەڵبژاردنی حزبەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی ھەرێم، مەکتەبی ھەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە ماوەی رابردوو چەندین جار پێکەوە کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی بگەنە خاڵێکی ھاوبەش.
بەھۆی ئەوەی تا ئێستا کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کارا نەکراوەتەوە، لەو وادەی کە بە مەرسوومی سەرۆکایەتی ھەرێم دیاری کراوە ئەنجام بدرێت، بەڵام دەکرێت بۆ کەمترین ماوە کە بتوانێت ھەڵبژاردنەکانی تێدا ئەنجام بدرێت، وادەکە دوا بخرێت.
بەپێی مەرسوومی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان١ی مانگی ١٠ وەکو وادەی ھەڵبژاردن دیاری کراوە، بەڵام لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێم و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردەی حزبەکان بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردن دراوە بۆ بەھاری ساڵی داھاتوو.
دوای دیاریکردنی وادەی ھەڵبژاردن، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
بەپێی یاسا پێویستە ھەڵبژاردن لە ماوەی ٦٠ ڕۆژی پێش کۆتایی ھاتنی خولی ئێستای پەرلەمان بەڕێوە بچێت، ئەم خولەی پەرلەمان لە ڕۆژی ٦/١١ی ئەمساڵ کۆتایی دێت، واتە پێویستە لە نێوان ٦ی ئەیلوول تا ٦ی مانگی ١١ی ئەمساڵ ھەڵبژاردن بکرێت”.
بۆچوونی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ھەڵبژاردن ئێستا لەلایەن لیژنە تایبەتەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە، بڕیاروایە بە رەشنووسێک بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەرز بکرێتەوە، کە رەشنووسەکە خاڵی ھاوبەش و جیاوازی لایەنەکانی تێدایە، لایەنەکان لەسەر زۆربەی خاڵەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن تەنھا چەند خاڵێکی کەم ماوە، بەتایبەتی لەسەر پێکھاتەکان، ئەگەرنا لەسەر کێشەی کۆمیسیۆن و بازنەکان بەرەو چارەسەر چووە.
پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دوایین بۆچونیان لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانیان و بازنەی ھەڵبژاردن داوەتە نەتەوە یەکگرتووەکان و داوا دەکەن، ھەڵبژاردن بۆ پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان یەک بازنە بێت و پرۆژەیەکیش بۆ زیادکردنی کورسی پێکھاتەکان پێشکەش دەکەن، کە کورسی پێکھاتەکان تا ئێستا یەکێکە لەو کێشانەی لایەنەکان کە ناکۆکن لەسەری، تەنھا پارتی پشتگیری داواکارییەکانیان دەکات.
بەگوێرەی یاسای ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان، پێکھاتەکان خاوەنی ١١ کورسیی پەرلەمانین؛ لە یەکەم خوولی ھەڵبژاردنی پەرلەمان، کریستیانەکان پێنج کورسیی کۆتایان ھەبوو، بەڵام ساڵی ٢٠٠٩ شەش کورسیی کۆتا زیادکرا، کە پێنجیان بۆ پێکھاتەی تورکمانە و کورسییەک بۆ ئەرمەن.
د. ئارام برادۆستی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ھەولێر لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و راپرسی، بۆ “ھەولێر” گوتی:” بەپێی یاسای ھەڵبژاردن دەبێت ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان بکرێت، بە تەئکید ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ناکرێت و دوادەخرێت، تەنیا پارتی تەئکید لەوە دەکاتەوە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەر ھەڵبژارد دوا بخرێت، کۆمیسیۆن پێویستی بە ماوەیەکی کەم ھەیە، ئەوەش کێشە نابێت، بۆیە تا ئێستا ھەموو ئەگەرێک کراوەیەوە.
ھەندرێن محەمەد ساڵح، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێ:” پێویستە لایەنەکان پەلە بکەن لە رێککەوتن، ئەگەرنا ئەنجامدانی ھەڵبژاردن زۆر دوادەکەوێت و ئێمەش بەھۆی ئەوەی وادەکەمان بەسەر چووە ناتوانین ھیچ کارێک ئەنجامبدەین، کە چەندین جار داوامان کردووە پرسی کۆمیسیۆن یەکلایی بکرێتەوە”.
سەعید ھەرکی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بۆ “ھەولێر” دەڵێت:” پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ھەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەش ھەموو ھەولێک دەدات، لەگەڵ ئەوەش ئەگەر لە کاتی خۆیدا نەکرێت بۆ ماوەیەکی دوور دوانەخرێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان، روونیشیکردەوە:” پارتی بە ھەموو شێوەیەک پشتگیری لە پێکھاتەکان دەکات و دەبێت ئەوان خۆیان بڕیاری خۆیان بدەن.
لە بەردەوامیی ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئامادەکاریی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ١٧ سەرۆک حیزب، وەزیر و نوێنەرانی پێکھاتەکان لەژێر چەتری سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستاندا کۆبوونەوە، کۆبوونەوە یەک کاتژمێر و نیوی خایاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دڵنیایی پێدان کە رێگە بە ھیچ ھەوڵێک بۆ سنووردارکردنی مافی پێکھاتەکان نادرێت، بەتایبەتی لە پرسی ھەڵبژاردن و نوێنەرایەتیکردنیاندا لە پەرلەمان و حکوومەت. رۆبینە ئوملیک عەزیز، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی یەکێتیی نەتەوەیی کریستیانەکان، بۆ “ھەولێر” روونیکردەوە:” پێویستە پێکھاتەکان خۆیان بڕیار لەسەر کورسییەکانی کۆتا و پرسەکانی خۆیان بدەن، نەک حزب و لایەنەکانی دیکە، بۆیە داواکاری ئێمە ئەوەیە کە دەستکاری کورسیی کۆتاکان نەکرێت، بەڵکو ژمارەیان زیادبکرێت، ھەروەھا ھەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت، ئێمە نابینە لایەنی ھیچ ململانێیەکی سیاسیی نێوان لایەنەکان، ئەگەر دەشیانەوێت یاسای ھەڵبژاردن ھەمواربکەنەوە، با ھەمواری بکەنەوە، بەڵام بەشی تایبەت بە کۆتاکان دەستکاری نەکرێت، چونکە ھیچ بۆشاییەکی یاساییمان نییە”.

ھەواڵی زیاتر