ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “خێچڕوانین”ی سلاڤۆی ژیژەک

ئارام كۆشكی – سلێمانی

کاتێک کتێبی “خێچڕوانین”ی سلاڤۆی ژیژەک-م بینی و چاوم چووە سەر ناونیشانە لاوەکییەکەی کەمێک تووشی سەرسامی و ڕامان بووم، بەوەی ئەم نووسەر و بیرمەندە چۆن دەیەوێت دەروونشیکاری لاکان ببانە نێو کولتووری عەوامەوە.

ناونیشانی دووەمی کتێبەکە بەمشێوەیەیە: “دەروازەیەک بۆ دەروونشیکاری لاکان لە ڕێگەی کولتووری عەوامەوە”. خاڵێک کە لە دە ساڵی ڕابردوودا لە دەروونشیکاری تێگەیشتووم ئەوەیە کە دەروونشیکاری لاکان تاڕادەیەکی زۆر نوخبەوییە و دوورە لە کولتووری عەوامەوە. مەبەستم لەم دوورییە ئەوەیە کە خۆی بەشتی ڕۆژانەیی و کەیسی تایبەتەوە سەرقاڵ نەکردووە. بەڵکو دەروونشیکارییەکە کە پێیەکی لەنێو زانستی زماندایە و پێیەکی دیکەشی لەنێو فەلسەفەدایە.
هەمیشە یەکێک لە ئیشە سەیر و سەرنجڕاکێشەکانی سلاڤۆی ژیژەک ئەوەیە، کە کار لەو ڕووبەرانەدا دەکات، کە ڕووبەری پەی پێنەبراون. خۆی ناونیشانی ئەم کتێبە “خێچڕوانین” ناونیشانێکە تاڕادەیەک ئەوە دەسەلمێنێت، کە ئەم نووسەرە نیگایەکی دیکەی هەیە بۆ بینینی شتەکان و نایەوێت عامەپەسەندانە ڕاست و ڕەوان بڕوانێت، بەڵکو دەیەوێت نیگایەکی خوار لە شتەکان بگرێت و لە گۆشەیەکی دیکەوە خوێندنەوە بۆ دیاردەکان بکات. هەر بۆیە لەم کتێبەشدا هەوڵی ئەوە دەدات لە ڕێگەی دەروونشیکاری لاکانەوە چەند ڕووبەرێکی تەی نەکراوی کولتووری عەوام تەی بکات و ئەم دەروونشیکارییە نوخبەوییە بکاتە ئەو جێگایانەی کە ئیمکانی ئەوەیان کەمە ڕێگەیان تێی بکەوێت.
وەرگێڕ لە پێشەکییەکی ناوازەدا بۆ ئەم کتێبە زۆر دیدگای ئەم بیرمەندەی ڕوونکردووتەوە و هاوکات خودی ئەم چەمکەشی بەتەواوی ڕوونکردووتەوە کە لێرەدا بۆ خوێنەری دەگوازمەوە. “خێچ‌ڕوانین، واتە ڕوانینی خێچ و لار، سەیرکردنێکی خێلانە و چەوتەگۆشە. خێچ‌ڕوانین، جۆرە ڕوانینێکە جیایە لە ڕوانینی باو و سەرڕاستانە بۆ دونیا. واتە لە خاڵێکی چەپەک و کوێرەوە سەیری شتەکان دەکەیت، کە دۆخی ئاسایی ڕێنادات هەروا ئاسان بیانبینیت.” وەرگێڕ ئەوەش دەخاتەڕوو کە “دیارە ئەمە جۆرە ڕوانینێکی ناباوە، بەڵام لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی تر گۆڕانی بەسەردا دێت. بەپێی ئەم جۆرە ڕوانینە قەبارەی شتەکان چیدی بە گەورە و بچووکی ئاسایی ناپێورێن، بە گەورە و بچووکی تەرازوو و گەورە و بچووکی ناو پانتاییە باوەکەش ناپێورێن، بەڵکو بە تەرازوویەکی سوبێکتیڤی خەیاڵی دەپێورێن، کە هەر دەلکێتەوە بە پانتاییە ڕەمزییەکەوە. واتە، دیمەنێک لە گۆشەیەکەوە دەبینیت چیدی هەمان دەنگ و ڕەنگ و سەنگی باوی نییە، چونکە گۆشەیەک هەیە سەیری لێوە نەکراوە. خێچ‌ڕوانین، پێداچوونەوەیە بە دیمەنەکانی ناو پانتاییە ڕەمزییەکەدا لە گۆشەیەکی تایبەتەوە.”
کاتێک ژیژەک باسی خێچ‌ڕوانین دەکات، ئەوا مێژوویەک هەیە بە خێچی لێی بڕوانێت، واقیعێک هەیە پڕە لە بەرهەمی جیاجیا تا بەخێچی بیانخوێنێتەوە و دەرەنجامە باوەکان ڕەخنە بکات. بەڵام بۆ دونیای ئێمە، کە ناوەڕۆکێکی کەمتازۆر جیای هەیە، بە جۆری تر دەکەوێتەوە. ئێمەش دەتوانین بەشێک لەو کولتوورە عەوام و هەمەپەسەندەی جیهان بەکاربێنین و چێژیشیان لێ وەرگرین، بەڵام کۆمەڵگای ئێمە جۆرە کولتوورێکی تری عەوامی هەیە کە جیایە لەوەی خۆرئاوا.
سلاڤۆی ژیژەک لە ڕێی ڕوانینێکی لاکانیانەوە بۆ زۆر دیاردەی نێو کولتووری عەوامەوە ئایدیاکانی ئەم کتێبە بونیاد دەنێت تا دەگاتە سەر سینەمای هیچکۆک و لەوێوە هەولی شیکاریی و شیکردنەوەی سینەمای ئەم دەرهێنەرە بلیمەتە دەدات. گەشتی ئەم بیرمەندە لەگەڵ هیچکۆکدا نزیکەی 200 لاپەڕەی کتێبەکەی بۆ تەرخان کراوە و لەوێوە پەی بە چەندین لایەنی دیکەی و چەمکی دیکەی نێو سینەمای ئەم دەرهێنەرە دەپشکنێت و لەوێوە پەیوەستی دەکاتەوە بەم دونیا نوێیەوە.
خێچڕوانین؛ لەو کتێبە گرنگ و سەختانەی ئەم بیرمەندەیە کە ڕەنگە بە یەکجار خوێندنەوە خوێنەر نەتوانێت بە هەموو پەنهانەکانی ئاشنا بێت، بۆیە خوێندنەوەی ئەم کتێبە پێویستی بە حەوسەڵە و وردسەرنجدانی زۆر هەیە، چونکە کتێبەکە دەخوازێت پرسیاری ئایا دەروونشیکاری لاکان دەبێتە دەروونشیکاری هەموان؟ بخاتەڕوو و کۆی کتێبەکە وەڵامە تەنها بۆ ئەم پرسیارە. دەستخۆشی بۆ وەلید عومەری وەرگێر و ناوەندی ڕەهەند بۆ لەچاپدانی کتێبەکە.

ھەواڵی زیاتر