د. کانی عەلی: نەشتەرگەریکردنی ئاوی سپی بە یەکێک لە نەشتەرگەرییە باوەکانی چاو دادەنرێت

بەشێكی زۆری خەڵک چاویان تووشی ئاوەسپی یاخود ئاومرواری دەبێ؛ ئەم جۆرەش یەکێکە لە هەرەباوترین نەخۆشییەکانی چاو، كە كەسی تووشیار، هاوێنەی چاوی لێڵ دادەگەڕێت؛ کە پێی دەڵێن چاوی ئاوی سپی هێناوە یاخود ئاومرواری، کە پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە.

نەشتەرگەریکردنی ئاومرواری بە یەکێک لە نەشتەرگەرییە هەرە باوەکانی چاو دادەنرێت.
پزیشكان ئاماژە بەوە دەكەن كە هۆکاری توشبوون بە ئاوەسپی زۆرن، باوترینیشیان بە هۆی تەمەنەوەیە، جگە لەوە هۆکارەکانی دیکەش هەیە وەك زەبری دەرەکی، شەکرەی چاو، هەستیاری (حەساسیە)، بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان.
د. کانی عەلی عومەر دکتۆرا لە نەشتەرگەری و نەخۆشییەکانی چاو، ڕوونی دەكاتەوە ئەو كەسانەی كە نەشتەرگەری ئاوەسپییان بۆ دەكرێت هەست بە چەند نیشانەیەك دەكەن كە بە جۆرێك نیشانەكان هەندێكیان ئاسایین و هەندێكیشیان ئاسایی نین.
د. کانی عەلی دەڵێت: نەشتەرگەری ئاومرواری زۆر باوە، بۆیە پێویستە هەندێ زانیاری و ڕێنمایی دەربارەی بزانرێت، هەربۆیە ئەو حاڵەتانە دەبێت بزاندرێت کە ئاساییە ڕاستەوخۆ دوای نەشتەرگەری یاخود چەند ڕۆژی یەکەمی دوای نەشتەرگەری هەبێت:
١- کزانەوەی چاو یان هەستی زبری یاخود گرێ لە چاودا؛
٢- ئاوکردنی چاو؛
٣-هەستیاری بە ڕووناکی؛
٤- تەڵخداگەڕانی ئاستی بینین، دوای نەشتەرگەری ئاوەسپی زۆر جار چەند ڕۆژی یەکەم ئاستی بینین تەڵخە، وردەوردە ڕوون دەبێتەوە، ئەمە لە کەسێک بۆ کەسێکی تر جیاوازە، تەنانەت لە بەینی چاوێک بۆ چاوەکەی تری هەمان کەس جیاوازە؛
٥- پەڵەی سوور یاخود خوێن لەسەر سپێنەی چاو؛
٦- سووکەئازارێکی کەم لە چاودا؛
٧- بڵقی ئاو یاخود هەوا لە ناو ڕەشێنەی چاودا.

د. کانی عەلی لە بارەی ئەو حاڵەتانەش کە ئاسایی نییە هەبێت لە دوای نەشتەرگەری ئاوەسپی، ڕوونی دەكاتەوە كە ئەو نیشانە بۆ کێشە لە چاوەکەدا دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە زوو سەردانی پزیشکی نەشتەرگەرییەکەی بکاتەوە، كە ئەمانەن:
١- لەپڕێکدا چاو لێڵ و تەڵخ دادەگەڕێت؛ واتە دوای نەشتەرگەرییەکە ئاستی بینین ڕوون بووبێتەوە، بەڵام لەناکاو ئاستی بینین تەڵخ بێت.
٢- چاوئێشە؛ گلکردنی چاو؛
٣- ڕشانەوە و سەرئێشە؛
٤- ڕیپۆقکردنی چاو.

ھەواڵی زیاتر