پڕۆفیسۆر د. عەبدلواحید مشیر دزەیی، مامۆستایە لە بەشی كوردیدا لە كۆلێژی زمانی زانكۆی سەلاحەدین؛ خاوەنی 31 كتێبە كە زۆربەیان لە بواری پراگماتیكە، سەبارەت بە “پراگماتیکدا” دیدارێكی ڕۆژنامەوانیمان لەگەڵیدا ساز كردووە.
وەک پسپۆڕی پراگماتیک، پراگماتیک چییە؟
- من لە ساڵی ١٩٩٩ یەکەم نامەی ماستەرم لە بواری پراگماتیک لە زمانی کوردی لە کۆلیژی ئادابی زانکۆی سەلاحەدین وەرگرت، ناونیشانی نامەکەم بریتی بوو لە “پێکهاتی ئاخاوتن لە زاری هەولێردا”، بەسەرپەرشتی دکتۆری خوالێخۆشبوو “محەمەد مەعروف فەتاح” دوایی لە ساڵی ٢٠٠٤ هەر لە بواری پراگماتیک بڕوانامەی دکتۆرام لە پراگماتیکی دەروونیدا وەرگرت، ناونیشانی نامەکەم بریتی بوو لە (کاریگەری دەوونی لە بواری راگەیاندندا) بە سەرپەرشتی (پ.د. وریا عومەر ئەمین). پراگماتیک زانستێکی زمانییە؛ گرنگی بە پڕکردنەوەی کەلێنی واتایی نێوان واتای فەرهەنگی و واتای مەبەست دەدات، پشتبەستوو بە پاشخان و دەوروبەر، بۆیە دەتوانین بڵێین پراگماتیک توانستی بەکارهێنان و یاریکردنە بە زمان، ئەم توانستەش بەدەست نایەت ئەگەر تاک باکراوەندی فەلسەفی و لۆجیکی و دەوونی و کۆمەڵایەتی نەبێت. پراگماتیک فێرمان دەکات گوێگری زۆربین و قسەکەری کەم، قسەکردنەکانمان بێ بەڵگە و ئەرگۆمێنت نەبێت، فێرمان دەکات چۆن کۆدەکان بکەینەوە، فێرمان دەکات چۆن وردبینی لە ئاخاوتنە دەربڕاوەکان بکەین.
هەروەها پراگماتیک هەوڵ دەدات وەڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە وەک: - دەستکەوتمان چییە کاتێک قسە دەکەین؟ چ دەڵێین کاتێک قسە دەکەین؟
- بۆچی داوای هاریکاری لە کەسی نزیکمان دەکەین لە کاتێک خۆمان دەتوانین بەبێ هاریکاری ئەو کارە ئەنجام بدەین؟
- کێ قسە دەکات؟ بۆ کێ قسە دەکات، لە پێناو چیدا قسە دەکات؟
تا ئێستا چەند كتێبت بەچاپ گەیاندووە؟
-تا ئێستا (٣١) کیتابم هەیە کە زۆربەیان لە بواری پراگماتیکین؛ وەک:
رەهەندی دەروونی لە بواری راگەیاندندا، زانستی پراگماتیک، شیکردنەوەی ئاخاوتن لە زمانی کوردیدا، شێواز و پراگماتیک، پراگماتیک و رەوانبێژی، لێکۆڵینەوە پراگماتیکییەکان، نیشانە و دەق و واتا، رێزمان و واتا لە روانگەی پراگماتیکەوە.
*چۆن دەتوانین شتێک بڵێین و مەبەستمان شتێکی تر بێت؟
-وەک پسپۆڕی ئەو بابەتە تا چەند قوتابیانی خوێندنی باڵا خۆیان لە قەرەی ئەو بابەتە دەدەن؟ ئێستا بەڕاستی زۆر کەس خۆیان لە قەرەی ئەو بابەتە دەدەن، بەڵام ئەوانەی تیایدا سەرکەوتوون زۆرزۆر کەمن چونکە زانستەکە پێویستی بە کەسێکی توانا و شارەزایە لە بوارەکانی فەلسەفە و لۆجیک و دەروونناسی و کۆمەڵناسی و دەمارناسی و زۆر زانستی تر جگە؛ لەمەش ئەوانەی سەرپەرشتی نامەکانی پراگماتیک دەکەن کەسانی پسپۆڕ نین لەم بوارە بۆیەش بەرهەمەکانیان بێسوود و کرچوکاڵ دەبن. یەکێ لەو قوتابیانەی خوێندنی باڵا کە ئێستا قوتابی دکتۆرایە لە بەشی زمانی کوردی کۆلیژی زمان زانکۆی سەلاحەدین مامۆستا “ئاوات ئەحمەد محمەدساڵح”ـە، كە نامەی ماستەرەکەشی هەر لەسەر بواری پراگماتیک بوو خاوەن توانایەکی زۆرە و ئێستا لەسەر (پراگماتیکی دەماری) دەنووسێت، کە یەکەم نامەیە لە بواری پراگماتیکی دەماری، هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازم و دواڕۆژێکی گەش چاوەڕێیەتی.
ئایا پراگماتیک گرنگیی پێ دراوە؟
ئەو بابەتە تاڕادەیەک گرنگیی پێ دراوە لە بەشە کوردییەکان؛ جارێ هەر لە قۆناغی دکتۆرادا دەخوێندرێت، بەڵام بە ڕای من پێویستە لە قۆناغی ماستەر و بەکالۆریۆسیشدا بخوێندرێت.
بە دیدی ئێوە پراگماتیکدا گرنگە تەنها لە بەشە کوردییەکان بخوێندرێت یان لە بەشەکانی تریش؟
پراگماتیک تێکەڵ بە هەموو زانستەکان بووە بۆیە بەڕای من ئەم بابەتە بۆ زۆر بەشە زانستییەکان گرنگە وەک: راگەیاندن، سیاسەت و دیبلۆماسی و کۆمەڵناسی و دەروونناسی و فەلسەفە و تاوانناسی و دەستنیشانکردنی نەخۆشیی دەروونی و دەماری. چونکە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە دەربڕینەوە هەیە لە رووی چەندایەتی و چۆنیەتی و شێوازەوە.