مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا (13) ساڵەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆز دەکات و لە پەیامەکەدا هاتووە، ئێمە لە کاتێکدا ئەویادەتان پیرۆز دەکەین، رۆڵی گرنگی ئێوە لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم و پرۆسەی سیاسی بەرز دەنرخێنین، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ(13)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان:
بەڕێزان/ رێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی لە بزووتنەوەی گۆڕان..
بە بۆنەی (13)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و ئەندامان و لایەنگرانی حزبەکەتان دەکەین و، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین لە خزمەتگەیاندن بە دۆزی رەوای گەلەکەمان.
ئێمە لە کاتێکدا ئەویادەتان پیرۆز دەکەین، رۆڵی گرنگی ئێوە لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێم و پرۆسەی سیاسی بەرز دەنرخێنین، هەروەها جەخت دەکەینەوە سەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگی نێوانمان و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانمان و پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان و بەدیهێنانی گشت مافەکانمان.
لەو دەرفەتەدا هیوادارین بە هەموو لایەک دڵسۆزانە و بەرپرسانەتر هەوڵ بدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان و پتەوترکردنی بنەماکانی پێکەوەژیانی سیاسی و دیموکراسی و دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی رۆشن و فەراهەمکردنی گوزەرانێکی شایستەتر بۆ هاووڵاتیان و گەلە خۆڕاگرەکەمان.