ھێلین نامە‌

نەسرین حەسەن

  • بە پێی راپۆرتی ساڵانەی كۆمەڵگەی جیهانیی ئابووری لە بارەی جیاوازی رەگەزی لە جیهاندا كە رۆژی چوارشەمەی رابردوو بڵاوكراوەتەوە، باس لەوە دەكات كە نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی بەو شێوازەی كە ئێستا بەرێوە دەچێت، لەوانەیە ١٣٢ ساڵی تری پێویست بێت تا ئەو یەكسانییە لە نێوان ئافرەت و پیاودا دروست بێت، ئەو بڵاوكراوەیە بە پشت بەستن بەو لێكۆلینەوەیە كە لە رەوشی یەكسانی رەگەزی لە بواری سیاسی، ئابووری، پەروەردەیی و تەندروستی ئەنجامدراوه و دەركەوتووە و باس لەوە دەكات كە ئەگەرچی لە نێوان ساڵەكانی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٢ بەرەوپیشچوونی باش لەوبوارەدا هاتۆتە ئاراوە، بەڵام بەراورد بە ١٦ ساڵی رابردوو پاشگەزبوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە، بۆیە پێویستە كاری زۆر لەو بوارەدا بكرێت.
  • لێكۆڵینەوەیەكی بەریتانیایی دەریدەخات كە ئەو منداڵانەی شیری دایكیان دەخۆن، توانای قسەكردن، وێنەكێشان و تێگەیشتن لە بابەتەكانیان زیاترە، بەراورد بەو منداڵانەی كە لە شیری دایك بێبەش و بە شیری ناسروشتی (قوتو)بە خێو دەكرێن، ئەو لێكۆڵینەوەیە ئاماژە بەوە دەدات كە ئەگەر منداڵ تا تەمەنی سێ مانگی شیری دایك بخوات ۸%گەشەی مێشكیان زیاتر دەبێت و تەنانەت توانای فێربوونیان لە قوتابخانە بەرزتره، ئەو ئەنجامە لە سەر ٦٠٠٠ منداڵی
    بەریتانیایی دەركەوتووه.
  • بە پێی ئەو وێنەی لە رێگەی” سی سكان” ەوە لە مێشكی كەسەكان وەرگیراوە ئەو ئەنجامە دەركەوتووە كە بیستنی وشەیەكی نەشیاو وەكو بێڕێزی كردن، كاریگەری نەرێنی لە سەر مێشك هەیە، ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوەیە كە لە لایەن گرووپێك لە لێكۆڵەرەوەان لە هۆڵەندا لە سەر ٧٩ ئافرەت ئەنجامدراوە، دەركەوتووە كە پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەستەكان و زمان هەیە بە جۆرێك كە وشەی نەشیاو كاریگەری نەرێنی لە سەر مێشك دادەنێت و بە پێچەوانەوە وشەی شیاو و ستایشكردن كاریگەری باشی لە سەر مێشك هەیە. بۆیە پێویستە ئاگاداری ئەوه بین كە چۆن و بە چ شێوازێك قسە دەكەن.
  • لە توێژینەوەیەكدا بە نێوی “ئافرەتان،ئاشتی و ئاسایشی جیهانیدا” هاتووە، لە دونیای ئەمڕۆدا هەر وڵاتێك پێویستە هەموو توانایەكی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئاشتەوایی و گەشەپێدانی وڵات و پێویستە بەردەوام لەو بوارەدا لە ململانێ دابێت، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە گرنگی زیاتر بە رۆڵ و كاریگەری ئافرەتان بدرێت، ئافرەتان سەرمایەكی بە بەهان و وەك كۆمەڵێكی چالاك لە بواری پێشكەوتن و ئاشتەوایی وڵاتدا رۆڵ و كاریگەری راستەوخۆیان هەیە و بنەمای هەر وڵاتێكی پێشكەوتوو بە پێوەری بەشداری چالاكانەی ئافرەتان لە كاروباری سیاسی، ئابووری، و كۆمەڵایەتی دادەرێژرێت
ھەواڵی زیاتر