د.عەبدولحەکیم خەسرۆ: حکوومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی چاکسازییەکان بەردەوام دەبێت

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ جێبەجێکردنی 156 بڕیاری کابینەی نۆیەمی حکومەت کردووە و بەردەوام دەبن “لە جێبەجێ کردنی چاکسازییەکان بەشێوازێک کە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت”.

عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت “فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون یەکێکە لە فەرمانگەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کە کاری بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنە. لەو چوارچێوەیەدا تاوەکوو ئێستا 156 بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوێنراون کە ئەرک و رۆڵی ئێمە بەدواداچوونی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی کارنامەی حکوومەت بووە”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، تا ئێستا بەدواداچوونی نوێکردنەوەی پۆرتاڵی خزمەت و رێکخستنەوەی خزمەتگوزارییەکان و راهێنان بە 127 فەرمانبەر بۆ کارکردن لەسەر ئەم پۆرتاڵە و دامەزراندنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی سکاڵای هاووڵاتیان، لەسەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بەلامەرکەزیی ئیداری و شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و بەدواداچوونی فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دابەزاندنی دەسەڵاتەکان بۆ بەڕێوبەرە گشتییەکان لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، لەلایەن فەرمانگەوە کاری بۆ کراوە.

بەگوتەی عەبدولحەکیم خەسرەو، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام بووە لە بەدواداچوونی هەموو گەندەڵییەکی دارایی و کارگێڕی و بۆ ئەم مەبەستەش شەش کۆبوونەوەی هاوبەش ئەنجامدراون، دیوانی چاودێریی دارایی و دەستەی دەستپاکی و سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، هەروەها پەسەندکردنی ستراتیجیەتی هەرێم بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی و پاڵپشتیکردنی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی و وەزارەتی داد و فەرمانگەی یاسایی وەزارەتەکان، بۆ بەرگریکردن لە سامانی گشتی و مافی خەڵک. لەهەمان کاتیشدا هەماهەنگیکردن لە نێوان دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکان بۆ وردبینیکردنی سەرجەم کار و چالاکییەکان لە بواری دارایی و بۆ یەکەمجار ئامادەکردنی ژمارەی کۆتایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون راپۆرتێکی ئامادەکردووە، لەسەر پڕۆژەکانی پترۆدۆلار لە ناوچە جیاجیاکان و لەسەر خەرجییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی سیستەمی KFMS، کە سیستەمی هەرێمی کورستانە بۆ بوارە داراییەکان و ئیدارەدانی لە چوارچێوەیەکی ئەلیکترۆنی کە بە هەماهەنگی و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی پڕۆسەی دارایی جێبەجێکردنی ئەم سیستەمە و تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 800  فەرمانبەر خولی راهێنانی بینیوە و کاریان لەسەر کردووە.

لەبارەی رۆڵی فەرمانگە لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا، عەبدولحەکیم خەسرەو دەڵێت “ئەرکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان بووە بۆ کاری لیژنەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و لێدانی هەردوو ژەمە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا لەلایەن فەرمانبەران. بەدواداچوونی پڕۆسەی پشکنین لە تاقیگەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و دەستنیشانکردنی کێشە و کەموکوڕییەکانی هاوردەکردنی خۆراک بەپێچەوانەی پێوەرە کارپێکراوە تەندرووستییەکان

باسی لەوەشکردوە کە “وەکو فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بەشداربووین لە بەدواداچوونی دەرکردنی پەیڕەوی جێبەجێکردنی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها  رێنمایی تایبه‌ت به‌ دانانی خانه‌نشینی و رێکخستن و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەکو سیستەمی بەرگری بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان لەگەڵ تیمە هاوبەشەکان، بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە بەشێوازك رێکبخرێتەوە کە بگونجێت لەگەڵ سیستەمی نوێی جیهانی و سیستەمی نوێی راهێنانی هێزە سەربازییەکان”.