لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانیدا هاتووە “ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتی و تیمی ئەندازیارانی پرۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر كۆبووەوە و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی پرۆژەكە كرد، لە بەشێكی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە پرۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر یەكێكە لە دەستكەوت و پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی حكوومەتی بۆ تەواوكردنی پرۆژەكە دووپات كردەوە، لەم سۆنگەیەوە داوای لە تیمی سەرپەرشتی و ئەندازیارانی پرۆژەكە كرد كە بە دڵسۆزی و وریاییەوە كار لە پرۆژەكەدا بكەن”.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە وەزارەتی شارەوانی ئاشکرای کردووە “لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، لیژنەی سەرپەرشتی و تیمی ئەندازیارانی شەقامی 150 مەتری بە وردی تیشكیان خستە سەر ئەو كارانەی تاوەكوو ئێستا لە بەشی سێیەمی پرۆژەكە تەواوكراون كە ئەم بەشەیان لە ڕێگەی هەولێر-بەحركەوە تا ڕێگەی هەولێر-گۆپاڵ لەخۆدەگرێت”.
روونیشی کردووەتەوە کە بەشی سێیەمی پرۆژەكە ماوەی 550 ڕۆژە، بەڵام لە ماوەی كەمتر لە سێ مانگدا بە ڕێژەی 60%ی كارەكانی تەواو بووە و ئێستاش كاركردن تێیدا بەشێوەیەكی باش بەڕێوە دەچێت. لەپای ئەمەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی لیژنەی سەرپەرشتیی پرۆژەكە كرد كە لە ماوەیەكی كەمدا توانیویانە كارەكانی ئەو بەشەی پرۆژەكە بگەیەننە ئەو ئاستەی كاركردن، هەروەها گوتیشی: “پرۆژەی 150 مەتری پرۆژەیەكی ستراتیژیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و یەكێكە لە دەستكەوتەكان، بۆیە دەبێت ئێوە وەكوو ئەندازیارانی و سەرپەرشتیاری پرۆژەكە، بەشێوەیەكی ڕێكوپێك كارەكانتان بكەن و چاودێری پرۆژەكە بكەن