وەزیری پێشووتری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان، بە سەرۆكی لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان دیاری كرا.
بەپێی زانیارییەكان، لە لایەن پارتییەوە د. ئیدریس هادی كراوەتە سەرۆكی لێژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی 14ی پارتی و بڕیاریشە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕێنماییەكان لەبارەی چۆنیەتیی بەستنی كۆنگرە بگاتە لێژنەكە، تاوەكوو لەو ماوەیەی بۆیان دیاری كراوە، ئامادەكاریی پێویست بكەن.
بەهۆی دەست پێكردنی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 و بەردەوامیی ئەو دۆخە نەخوازراوەی كە لە ناوچەكە هەبوو، دواتریش سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆنا لە جیهان و گەیشتنی بە هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئۆكتۆبەری 2021، كۆنگرەی چواردەهەمی پارتی چەند ساڵێكە دواخراوە، لە كاتێكدا كۆنگرەی 13 لە مانگی شوباتی 2010 بەستراوە.