نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا داوا دەکەن عێراق پێویستیی ئاوارەکان لە کەمپەکان دابین بکات

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

بەپێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار ئاوارەی عێراقی بەهۆی گەرما و شەپۆلەکانی خۆڵبارین لە دۆخێکی خراپدان، بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوێکی سەر بە یەکێتی ئەوروپا بەردوامی پشتگوێخستنی دۆخی ئاوارەکان لەلایەن عێراقەوە وای کردووە ئاوارەکان لە ژیانی خۆیان بێزاربن، راپۆرتەکە باس لەوە دەکات عێراق هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ کۆتاییهێنان بە دەردسەری ئاوارەکان و گەڕانەوەیان بۆ ماڵ و حاڵ و شوێنی نیشتەجێبوونیان، کە پێشتر بە ناچاری بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوون.

راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی سەر بە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ: “زەحمەتی ئاوارەکان لەو هاوینەدا دوو هێندەی لێ هاتووە، کەمپەکانی پەنابەران ژێرخانی پێویست و پارێزراوی لە پلەی گەرمی بەرز نییە و کارەباش لە عێراق بەپێی پێویست نییە، بەو هۆیەشەوە مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە لە نێو ئاوارەکاندا سەرەڕای ئەوەی چەندین رووداوی ئاگرکەوتنەوەش لەکەمپەکاندا روویان داوە .
خراپیی کەرتی تەندروستی کەمپەکان و نەبوونی دەرمان وای کردووە تەنانەت بنکەی تەندروستیش تەنیا لەلایەن پەرستارانەوە بەڕێوە ببرێت، ئەوەش وا دەکات زۆر جار ئاوارەکان بۆ چارەسەر پەنا ببەنە بەر نەخۆشخانە تایبەتەکان ئەوەش باری دارایی سەرشیانیان قورس دەکات لەکاتێکدا خۆیان زەحمەتی زۆر دەبینن لە پەیداکردنی بژێوی ژیانیان و بەشێکیشیان بێکارن و بەهۆی دۆخیان لە کەمپەکان ناتوانن کار بکەن .
سێ ئاوارە لە نێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە تیمی چاودێری یۆرۆ مێدیان راگەیاندووە: “عێراق هیچ هاوکارییەکی ئاوارەکان ناکات و گەرما و خۆڵبارین ژیانی تەواو تاڵ کردوون، جگە لەوەش مێرووە زیان بەخشەکان و مار و دووپشکیش ترسی زۆری لە نێو ئاوارەکان دروست کردووە و کەمپەکان دەرمانڕشێن نەکراون، جگە لەوەش ئەو خێوەتانەی لە نێوی دەژین رزیون و 6 ساڵە نەگۆڕدراون، ئێستا گەرمای بەتین زیاتر لە هەمووان بەتەمەنەکانی نیگەران کردووە، هیچ کەلوپەل و هاوکارییەکیش لە عێراقەوە بۆ ئاوارەکان نایەت، ئاوارەیەک دەڵێ: “تەنیا دەمەوێت بزانم بەرپرسێکی حکوومەتی عێراق دەتوانێ تەنانەت نیو کاتژمێریش لەو شوێنانەی ئێمە بژی .
ئێستا ١٤ کەمپی ئاوارەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ماون،10 لەو کەمپانە لە هەرێمی کوردستانن و ٤یان لە ئەنبارن، کەمپی دیکەی هەڕەمەکیش هەیە کە رێگە نادرێت دانیشتووانەکەی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، هۆکارەکەشی کێشەی کۆمەڵایەتیی ئەو کەسانە و خەڵكی ناوچەکانی دیکە و مەترسیی تۆڵەیە .
بەهۆی کەمیی گاز و سووتەمەنیی دیکەش، ئاوارەکان تەنانەت ناتوانن چێشتێکیش لێ بنێن، ئاوارەکان توانایان نییە بەو نرخەی هەیە سووتەمەنی بکڕن .
ئاوارەیەکی ژن کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە دەڵێ: “هیچ ئامرازێکی فێنککەرەوەمان نییە، دەبێت فڕنی کارەبای بۆ چێشت بەکار بێنم .
عومەر ئەلعەجلونی یەکێک لە لێکۆڵەرانی یۆرۆ مێد دەڵێ: ” حكوومەتی عێراق پێویستە لەسەر هەموو پێویستیەکانی نێو کەمپەکان بۆ ئاوارەکان دابین بکات لەگەڵ کەرەستەی خۆپارێزی و پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیی ئاوارەکان، رێگری ە هەر ڕووداوێک کە رەنگە بەهۆی بەرزی پلەی گەرماوە دروست ببێت .
بەپێی دەستوور ئەرکی عێراقە بە یەکسانی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ هەموو دانیشتووان دابین بکات، ماددەی 30 بڕگەی یەکە لە دەستووردا دەڵێ:” حكوومەت دەبێت دڵنیایی ژیانی تاک و خێزان دیاری بکات، بەتایبەت منداڵان ژنان لەرووی تەندروستی و کۆمەڵایەتیییەوە، پێویستییە سەرەکییەکانی ژیان بەخۆراییە و دەبێت هەمووان شەرەفمەندانە بژین.
یۆرۆ مێد داوا لە حكوومەتی عێراق دەکات بە خێرایی و بە زوویی پێویستییەکانی ئاوارەکان دابین بکات بەتایبەت لەو وەرزەدا، بۆ ئەوەی ئاوارەکان سادە و بێ کێشە بژین لە کاتێکدا شەڕ بە ناچاری ئاوارەی کردوون .

ھەواڵی زیاتر