پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پرۆژەی هێڵی یەكی ئاوی دووكان – سلێمانی لە كاتژمێرێكدا بڕی 3200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ سلێمانی زیاد دەكات

كاركردن لە پڕۆژەی پەرەپێدانی هێڵی یەكی ئاوی دووكان – سلێمانی بەردەوامە، كە یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی ئاوی خواردنەوە لە سنووری پارێزگەی سلێمانی، ئێستا بەڕێژەی 85% كارەكانی تەواو كراوە و دوای تەواوبوونی، توانای زیادكردنی بڕی 3200 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی بۆ شاری سلێمانی و دەوروبەری هەیە.

پێشتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە وتارێكیدا كە بە بۆنەی سێ ساڵەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی كرد، لەبارەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا، ڕایگەیاند: ڕۆژانە لەڕێگەی ٨١ پڕۆژە و پێنج هەزار و ٧٨٧ بیری ئاوەوە، دوو ملیۆن و ٦٨٤ هەزار و ٦٠٦ مەتر سێجا، ئاوی پاكی خواردنەوە بەرهەمدەهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی لەڕێگەی پڕۆسەی تەنكەرینەوە، ئاوی پاك دەگەیەنرێتە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان.