بیرە‌وە‌رییە‌كانی گوێگرێكی زیز

حەمەسەعید حەسەن

خۆ مەرج نییە نووســـەر کە نیازی گێڕانەوەی بیرەوەریی هەبوو، هەر لەناو بێشکەوە دەست پێ بکات و تا کەناری قەبـــر نەیبڕێتەوە. من ناوم ڕەحمانە، خەڵکی ســـەقزم، سێ ساڵە ژنم هێناوە، سێ کچم هەن، هەرچەندە لە کۆڕ و کۆمەڵـــدا، خۆم وەک پیاوێکی ژنخواز پیشـــان دەدەم، بەڵام لە ئێوەی ناشـــارمەوە، هـــەر لە منداڵی یەکەمەوە، بە هیوای کوڕ بووم و هەر تامەزرۆییشـــم بۆ کوڕ، کردمی بە باوکی ســـێ کچ. کابرایەکی دەمهەراش کە لە بنکەی لایەنێـــک، چونکە باجی لێ نادات، بـــە نرخێکی هەرزان سەرتاشی دەکات و لە بەدبەختیی من، تۆزێک تورکییش دەزانێت، هەر کە بیستی ســـێیەمین کچمان بووە، ناوی
نام: ڕەحمان سێقزی، ئاخر کچ بە تورکی قزە.
وەختی خۆی لای خۆمان ئازادیی دەربڕینی بیروڕا نەبوو، لێـــرە هەرچەندە هەیە، بەڵام بۆ مـــن خێرێکی وای تێدا نییە. لە ســـتۆکهۆڵم چی زۆرە، ڕادیۆی کوردی. تەلەفۆن بـــۆ هەر کامیان دەکـــەم، بە بیانـــووی کەموەختییەوە، قســـەکانم پێ دەبـــڕن و لێ ناگەڕێن بەتـــەواوی دەرد و زووخاوی دڵم هەڵبڕێژم. ســـەیرە خۆیشـــم نازانم، بۆچی هێندە شـــەیدای ئەو ڕادیۆ کوردییانـــەم، بڕواتان هەبێت نەک هەر لە ســـەرەتاوە تا کۆتایـــی، گوێ لە هەموویان دەگرم، بەڵکوو زەنگ بۆ هەموویشـــیان لێ دەدەم، هیچ پرۆگرامێکی، هیچ ڕادیۆیەکیان نابوێرم، بەشـــداریی یەکە بـــە یەکەیان دەکـــەم، هەر لە گۆرانیـــی داواکراوەوە، تا مشـــتومڕە فیکرییە خوێناوییەکان و تەنانەت چەلەحانێ جوێناوییەکانیش. ڕێـــک دەکەوێت هاوزەمان دوو ڕادیوی کوردی، پێکەوە دەست بە پەخش دەکەن، لەم حاڵەتاندا، دوو ڕادیـــۆ دێنم و گوێ لـــە هەردوو لایان دەگرم، یان لە یەکێکیانەوە دەپەیڤم و گوێ بۆ ئەوەی تریان شل دەکەم، یان لە یەکێکیانەوە قسە دەکەم و لەوەی تریاندا سەرەی ئاخافتنم گرتووە. گرنگترین ئیشم هەبێت، لەبەر گوێ بۆ ڕادیۆ ڕادێران پەکی دەخەم. لە کاتی پەخشی ڕادیۆدا، نە دەرگا لە کەس دەکەمەوە، نە وەڵامی تەلەفۆن دەدەمەوە، ئەگەر ماڵەکەم ئاگری تێ بەربووە، ڕادیۆکە جێ ناهێڵم.
جارێکیان زەنگم بۆ ڕادیۆی شـــەوچەرە، بە مەبەســـتی دەربڕینی چەند بروسکەســـەرنجێک سەبارەت بە ئازادیی ژنـــان، لێ دا، ژنێک کە پرۆگرامەکەی بەڕێوە دەبرد، لای خۆی ڕێگەم بۆ خۆش بکات، پێی گوتم: “کاکە تۆ بێتامت کـــردووە، ڕادیۆ نییە تەنگت پێ هەڵنەچنیبێت، جار نییە زەنگ لێ نەدەیت، پرۆگرام نییە بەشداریی تێدا نەکەیت و هەرگیز لە کورتی نایبڕێتەوە. برای بابم، ببوورە ئەمشەو
ناتخەمە ســـەر خـــەت و ناهێڵم یەک وشـــە بدرکێنیت، بـــەڵام بەڵێن بێت، هەفتەی داهاتـــوو ماوەی ڕادیۆکەمان دوو ســـەعاتە، هـــەر هەمووی بۆ تۆ تەرخـــان دەکەین و هەر ئێســـتایش گوێگرە ئازیزەکان لـــەو بارەیەوە ئاگادار دەکەینەوە. خۆت تـــەواو تەیار و ئامادە بکە، هەر چیت هەیـــە بە ئارەزووی دڵی خـــۆت بیڵێ، بەڵام بە مەرجێک ئیدی ببڕای ببڕ تەلەفۆمان بۆ نەکەیتەوە. بەڕاست تۆ کە هێندە شـــەیدای ڕادیۆیت، بۆ ئێزگەیەک ناکەیتەوە! خۆ ڕادیۆمـــان بۆ تۆ دانەناوە! ئەوە تۆ گوێگری ئازیزیت یان
بەڵای خوایت؟”
ئای لەو ژنە دەمگەرمە، دەتگوت بەڕوو لە زاریدا تەقیوە، بەدرێژاییی ژیانم وا نەتۆقیوم، هەر ئەوق بووم، دەتگوت تیڤییەکی گڵۆپی دەنگ ســـووتاوم، بەجۆرێک حەپەسام، ئاســـمانی بەریـــن بـــە ڕووی چۆلەکەی وشـــەمدا، وەک
قەفەزێکی تەنگی لێ هات.
ئێســـتا بیـــر و بۆچـــوون و دیتنەکانـــم بـــۆ بڵاوکراوە کوردییـــەکان دەنێـــرم، جێـــی داخە چونکە بەرپرســـی هیچیان ناناسم، هەمیشە ناوی نازداری خۆم، لە پۆستەی خوێنەراندا دەبینمـــەوە، بەڵام من بڕوام بە مەحاڵ نییە، ئاخـــر مەحاڵیش چەرچڵ گوتەنـــی: خەونێکە هەرچەندە دوا دەکەوێت، وەلێ هـــەر دێتە دی. لە فەرهەنگی مندا، زاراوەی ورەبـــەردان جێـــی نابێتـــەوە و زۆر لەوە جیڕ و قیرســـیچمەترم، هەر وا بەئاسانی گۆڕەپانی شەڕی پیرۆز و ڕەوای فیکری چۆڵ بکەم. ماوەیەکە پەیتا پەیتا لەڕێی نامـــە و فاکس و پۆســـتی ئەلکترۆنییەوە، گوشـــارێکی هەمەلایەنە و بەربڵاوم خســـتووەتە ســـەر بەرپرســـانی بڵاوکراوە کوردییەکانی ئەورووپـــا، بەو ئومێدەی ڕۆژێک دابێت، دەرگای پەخش بە ڕووخســـاری گەردلێنیشتووی نووســـینەکانمدا بکەنەوە و شەقژن و گۆرانیی پۆلە قاز و
قوڵینگی وشەکانم، هێمنیی ئاسمانی جیهان بشڵەقێنن.
ســـەرکەوتووترین نووســـەریش گلانی بە خۆیەوە دیوە، بەئازارترین نســـکۆی مـــن، ئەو جارەبوو کە دەســـتەی نووسەرانی گۆڤاری بەربانگ بۆیان نووسیبووم: “بنێشت بـــە تورکی ســـاقزە، بـــەوەدا هەر وەکوو بنێشـــت توند پێمانەوە لکاوی و بە هیچ جۆرێک لە بەرۆکمان نابیتەوە، هەقبوو ناوت: ڕەحمان ساقزی بێت، نەک سەقزی.” ژانی بەســـوێی تیری ئەو پلارە، زێتر خۆشەی کردم و لە دڵی خۆمدا گوتم: ڕامبۆی گەورەشاعیر، ڕێگەیەکی سەدان جار تاقیکراوەی بێ ترس و کۆســـپی نەگرتـــە بەر، ڕێیەکی نوێی بینییەوە، دەبێت منیش شاڕێیەکی تایبەت بە خۆم
بدۆزمەوە

ھەواڵی زیاتر