وشە‌ وای گوت

سالار عوسمان

شانازی بە زمانەکەتەوە بکە

بە‌شی دووە‌م
کە بەشێکی گۆشەی پێشووم لە ئەکاونتی کەسیی فەیسبووک بڵاوکردەوە، گەلێ کۆمێنت، سەرنج، ڕا و بۆچوونم بەدەست گەیشت، هەموویان پەرۆشی زمانەکە بوون، زمانی شیرینی کوردی، ئەو زمانە شیرینەی نەشئەی نەغمە ئەبەدییەکانی ژیانە، بۆیە ئەم گۆشەیشی بەدوادا هات و، وا لێرەدا کۆی
پەرۆشییەکان لەم چەند تەوەرەدا دەخەمە ڕوو:
دەوڵەت/ هەرێم و زمان ————————— هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی و دامەزراوەکان، چۆن و بە کام تێگەیشتن بەرخورد دەگەڵ زماندا دەکـــەن؟.. هەر بە نموونە زمانی دادگاکان، زانکۆ و قوتابخانەکان، زمانی نووســـراوە فەرمییەکان، تایبەت ئەو نووسراوانەی نێوان هەرێم و بەغدا، یان نێوان وەزارەتێک و کۆنسوڵگەریی وڵاتێک، ئایا بە کام تێگەیشـــتن و لەســـەر چ بنەمایەک بەرخورد دەگەڵ زمانی کوردی و زمانەکانی تردا دەکەن، تۆ بڵێی بنەمایەکی ڕوونی پێشـــتر قسەلێکراوی یەکلاکەرەوە هەبێت و هەموو هەرێمی کوردستان – مەبەستم دامەزراوە فەرمییەکانە – بە یەک ڕوانگا و تێگەیشتنی زمانییەوە، ئامانجبین کار بکەن ؟.. بەرســـڤی ئەم پرســـیارە، بەداخەوە دڵخۆشکەر نییە، بەداخەوە تا ئێســـتێ تێگەیشتنێکی ڕوون و یەکلاکەرەوە نییە بۆ پرسی زمان، تەنانەت بەشی زۆری سیاسییەکانی کوردستان خۆ لەقەرەی ئەو بابەتە هەستیارە نادەن، بگرە بە خەمی خۆیشیان نازانن!.. دەبێ پرسی زمان چڕ نەکەینەوە لە ئەکادیمیای کوردی، لە وەزارەت و دامەزراوەیەک، دەبێ پرسی زمان ببێتە پرسی هەمووان، دەبێ ببێتە خەمی هەمووان، رێک دەبێ وەک پرسی بوون، ناسنامە و پەڕینەوە بەرخوردی دەگەڵدا بکرێت !..
ڕاگەیاندنی کوردی و وەرگری بێ زمان —————————————— تـــاک و تـــەرای لێ دەرچێ، ئەگینا زۆربـــەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردی نەک هەر تێگەیشـــتنی زمانیی، ڕوانگا و چارەســـەریی زمانیی – نەتەوەییان نییە، بەڵکو بێ ســـەواد، بێ خەم و بێ پەروا خۆیان داوەتە بەر قەدەری شـــوومی بێ پلانیی زمان، کە ئەمەیش گوێگر، بینەر و خوێنەرێکت بۆ بەرهەم دێنێ، کە دەکرێ ناوی لێ بنێین: وەرگری بێ زمان. ئەگەر لەو چەمکەوە: (وەرگری بێ زمان)، قسە لە خەمە قووڵەکانی بێ سەوادی ڕاگەیاندنی کوردی بکەین بۆ پرسی زمان، دەگەینە ئەو قەناعەتەی، کە ڕاگەیاندنی کوردی – زۆربەیان – لە پرسی زماندا ڕۆڵی نێگەتیڤ، پاسیڤکردن و لێسەندنەوەی ناسنامە دەبینن، لەبەرئەوەی وەرگرێکت بۆ دەخوڵقێنن بێ زمان، ئاخر کورتترین پێناسەی بێ پلانیی زمان، واتە بێ زمانی!.. وەرگری کورد ئێستێ وەرگرێکی بێ زمانە، کۆمەڵێک پارچەی سەقەتی زمانی جیاجیا وەردەگرێ، کە کۆکردنەوەیان نەک هەر زەحمەتە، بگرە ئەستەمیشـــە، سەرلێشێواو بەرەو سبەینەیەکی ناڕوونی بێ زمانی هەنگاو دەنێ، کە شیمانەی ئەوەی هەیە لە نزیکترین کەسی حاڵی نەبێت، ئەوەی دەیڵێین زێدەگۆیی نییە، زمانی خانەوادەکان، چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، هی خودی یەک میللەت، نابێ زۆر لێک دوور و پێک ناحاڵی بن، ئەوەی ئێســـتێ هەستی پێ دەکەین، بەداخەوە ئەو سەرەتا خراپەیە، جوتیارێکی کورد و قوتابییەک، هاوڵاتییەک و ئەکادیمیستێک، پزیشکێک و شوفێرێک خەریکە باش لێک حاڵی نابن، نابێ ئاســـتە جیاوازەکان کەلێنی چارەســـەرنەکراوی زمانی دروســـت بکەن، دەبێ زمانی بەهێز کەلێن و دوورییەکان چارەســـەر و لێک نزیـــک بکاتەوە، بەداخەوە ڕاگەیاندنی کوردی، ڕێک وەک زۆربەی سیاســـییە بێ خەمەکانی کورد، خەمێ زمانی نییە، بۆیە دەکرێ ناو لەو زەمەنە
بنێین : زەمەنی بێ خەمیی زمان !.

ھەواڵی زیاتر