وه‌زیری كاره‌با: له‌ كابینه‌ی نۆیه‌مدا 790 پڕۆژه‌ به‌ گوژمه‌ی 377.3 ملیۆن دۆلار جێبه‌جێكراون

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، كه‌مال محه‌مه‌د، وه‌زیری كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە گوتارێکدا باس لە گرنگترین کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەی دەکات.

دەقی وتاری وه‌زیری كاره‌با:

وه‌زاره‌تی كاره‌با وه‌زاره‌تێكی خزمه‌تگوزارییه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ هاووڵاتیان و داموده‌زگاكانی میری هه‌یه‌. بەپێی ئه‌و كارنامه‌یه‌ی جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە پەرلەمان پێشكه‌شیكرد و ده‌نگی له‌سه‌ردرا، تێیدا ئاماژه‌ی بە چاره‌سه‌ركردنی ریشه‌یی كاره‌با کرد و ئێمەش ئه‌و كارنامه‌یه‌مان كرده‌ پلان بۆ وه‌زاره‌ت، له‌سه‌ر هه‌ر سێ سێكته‌ری سه‌ره‌كی، سێكته‌ری به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، دابه‌شكردن و گواستنەوە.

له‌ بواری به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌م كابینه‌یه‌دا له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا 615 مێگاوات كاره‌بامان زیاد كردووه‌، وێستگه‌ی خه‌بات 300 مێگاوات، گه‌رمیان 165 مێگاوات و 150 مێگاواتی دیكه‌ له‌ هه‌ردوو یه‌كه‌ی دوكان و ده‌ربه‌ندیخان.

هه‌روه‌ها چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌ش له‌ مانگی تەمموز تا‌كو مانگی تشرینی یەکەمی ئه‌مساڵ ده‌كه‌ونه‌ كار،‌ یه‌كێك له‌وان 51 مێگاواتی تاسڵوجه‌یه‌، سێ 29 مێگاواتی كه‌ ده‌كاته‌ 87 مێگاوات، هه‌روه‌ها وێستگه‌ی دێره‌لووك 37 مێگاوات كاره‌با بەرهەم دێنێت، هه‌روه‌ها 500 مێگاواتی بازیان کە دەکاتە 675 مێگاوات له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵدا دێته‌ ناو تۆڕی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان.

له‌ سێكته‌ری گواستنه‌وه‌ی كاره‌بادا توانیومانه‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ی بواری مه‌حه‌تات و هێڵی 132 و 133 كه‌ی ڤی ئه‌نجام بده‌ین، له‌وانه‌ 60 پڕۆژه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌ گوژمه‌ی 294 ملیۆن دۆلار ئه‌نجامدراون، هه‌روه‌ها 730 پڕۆژه‌ی دیكه‌ له‌ بواری دابه‌شكردنی كاره‌بادا ئه‌نجامدراون‌، به‌ گوژمه‌ی 82،6 ملیۆن دۆلار، سه‌رجه‌می ئه‌و پڕۆژانه‌ 790 پڕۆژه‌ن، كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌دا ئه‌نجامدراون به‌ گوژمه‌ی 377،3 ملیۆن دۆلار.

هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی یه‌كجار گرنگ ئه‌ویش پڕۆژه‌ی پێوه‌ری زیره‌ك بوو له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، به‌ گوژمه‌ی 253 ملیۆن دۆلار، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌ ساڵی 2017ـدا گرێبه‌ستی بۆ كرابوو و له‌و كابینه‌یه‌دا چووه‌ بواری جێبه‌جێكردن.

مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیش له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا كۆنتڕۆڵكردن و رێكخستنی كاره‌بایه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ زیادكردنی داهاتی كاره‌بایه‌، به‌ ئه‌نجامی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ئێمه‌ توانیومانه‌ كاره‌با چوار ئه‌وه‌نده‌ به‌رامبه‌ر بكه‌ین. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سه‌یر بكه‌ین داهاتی وه‌زاره‌ت له‌ (2018 )ـدا 289 ملیار دینار بووه‌، به‌ڵام له‌ ( 2021)ـدا توانیمانه‌ بیگه‌یه‌نینه‌ تریلیۆنێك و 265 ملیار دینار، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی كاره‌با و تێچووی یه‌كه‌ی كاره‌با له‌سه‌ر وه‌زاره‌ت،‌ توانیومانه‌ له‌ میانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌دا 37% تێچووی یه‌كه‌ی كاره‌با له‌سه‌ر حكومه‌ت كه‌م بكه‌ینه‌وه‌، ئه‌گه‌ر سه‌یربكه‌ین له‌ 2018ـدا تێچووی یه‌ك یه‌كه‌ 128 دینار بووه‌، به‌ڵام له‌ 2022ـدا له‌ ماوه‌ی پێنج مانگدا ئێمه‌ توانیومانه‌ بیكه‌ینه‌ 80 دینار، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی دیكه‌یه‌ له‌ تێچووی كاره‌بادا  له‌م كابینه‌یه‌دا ئه‌نجامدراوه‌.

هه‌روه‌ها له‌ بواری زیادكردنی كاته‌كانی پێدانی كاره‌با، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له‌ 2018ـدا 12 كاتژمێر و 54 خوله‌ك كاره‌با هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ 2021 توانیومانه‌ بیگه‌یه‌نینه‌ 17 كاتژمێر،‌ هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌وه‌ له‌ ئاست خواستی ئێمه‌دا نییه‌، هه‌موو هه‌وڵی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاته‌كانی پێدانی كاره‌با زیاتر بكه‌ین، له‌ بابه‌تی كێشه‌ی سووته‌مه‌نیدا وه‌زاره‌تی سامانه‌‌ سرووشتییه‌كان له‌ هه‌وڵدایه‌ له‌ ساڵی 2023 بابه‌تی سووته‌مه‌نی چاره‌سه‌ر بكات.

ساڵی 2018 ئه‌و بگۆڕانه‌ی سووتاون هەزار و 493 محه‌وه‌یله‌ بوون، له‌ سه‌رجه‌می 48 هەزار و 853 محه‌ویله‌دا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له‌ 2022ـدا بووه‌ته‌ 335 محه‌ویله‌ له‌ سه‌رجه‌می 58 هەزار و 725 محه‌ویله‌دا، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین له‌و ماوه‌یه‌دا ڕێژه‌ی سووتان یه‌كجار كه‌مبووه‌.

به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و پڕۆژه‌ ئێمه‌ توانیومانه‌ كاتژمێره‌كانی كاره‌با به‌ره‌و باشتر ببه‌ین و خواستمان ئه‌وه‌یه‌ به‌ره‌و 24 كاتژمێری به‌رین، كه‌ ئه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵی ئێمه‌یه‌