پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئەمەریکا: پشتگیری ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین 

حکومەتی ئەمەریکا تۆپبارانکردنی هاوینەهەوارێکی سنووری پارێزگای دهۆکی ئیدانە کرد و رایگەیاند، پشتگیری ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.

نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئیدانەی هێرشەکەی سنووری پارێزگای دهۆک دەکات، کە بەهۆیەوە هاووڵاتیانی سڤیل کوژران و برینداربوون.”

ناوبراوی گوتیشی: “کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل شتێکی قبوڵکراو نییە، دەبێت هەموو دەوڵەتەکان پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن، لەوانەش پاراستنی خەڵکی مەدەنی”.

وتبەێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راشیگەیاند، “پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی کوژراوان دەکەین و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی برینداران دەکەین”.

نێد پرایس جەختی لەوە کردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتگیری سەروەری، ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن.

دوێنێ چوارشەممە 20ـی تەمووزی 2022، هاوینەهەوارێكی سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ تۆپباران کرا و لە ئاکامدا ژمارەیەك گەشتیار بوونە قوربانی کە زۆرینەیان دانیشتووی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوو.