پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ئەڵمانیا چەند پڕۆژەیەک لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات 

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان  رایده‌گه‌ێنێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بازرگانی و هەبوونی دەرفەتی کار، کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەڵمانیا دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، چونکە لە هەرێمی کوردستان ئێستا دۆخەکە لەبارە و سەقامگیری و ئەمن و ئاسایش هەیە و دەرفەتی جێبەجێکردنی کاری وەبەرهێنان هەیە، بۆیە دەیانەوێت لقی کۆمپانیاکانی خۆیان بکەنەوە و بێن لە هەرێمی کوردستان کار بکەن .

ئەسکەندەر محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان، به‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگه‌یاند: بڕیارە بە هاوکاریی سەنتەری ڕاهێنان و تەکنەلۆژیای ئەورووپی لە هەولێر چەند پڕۆژەیەک لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن و لە کۆتاییی ئەمساڵیشدا شاندێکی گەورەی بازرگانانی ئەڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن و لە پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کشتوکال بەشداری دەکەن.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی یەکێتیی ژوورەکانی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان گوتیشی: ئێستا بەردەوام شاندی بیانی سەردانمان دەکەن و جموجۆڵی باشی بازرگانی هەیە و هەفتەی ڕابردووش شاندێکی هیندی سەردانی ئێمەیان کرد، بۆیە ئێستا دۆخەکە زۆر باشە و بەردەوام باشتریش دەبێت.