ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە چیای قەرەچوغ دەستیپێکرد

ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەشیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە چیای قەرەچوغ دەستیپێکرد.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق بڵاویکردەوە، بە ھەماھەنگی ئەمنی ھاوبەشی نێوان سوپای عێراق و ھێزەكانی پێشمەگە ئەمڕۆ قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی “ئیرادەی پۆڵایینی” بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعشی لە چیای قەرەچوغ باشووری رۆژھەڵاتی پارێزگای نەینەوا دەستیپێكردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە “ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی کاری ھاوبەشی نێوان ھێزەکانی فیدراڵیی و ھێزەکانی پێشمەرگە، بەپێی لێکتێگەشتنە ئەمنییەکانی نێوان ھەردوولا بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی تیرۆر، ئەنجام دەدرێت”.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق راشیگەیاندووە، لە ماوەکانی داھاتوودا، وردەکاری لەبارەی ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە رادەگەیەنێت.

ئەو ئۆپەراسیۆنە چەند رۆژێک دەخایەنێت و رێگە بە هیچ دەزگاکانی راگەیاندن و میدیاکاران نادرێت رووماڵی ئۆپەراسیۆنەکە بکەن، لە کۆتا رۆژدا ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە بە فەرمی رادەگەیەندرێت.

ھەواڵی زیاتر