بە مەبەستی ئاسانکاری و راییکردنی مامەڵەی فەرمانبەر و هاووڵاتییان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دوو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین دەکرێنەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: “لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی پەروەردە و ئاسانکاریکردن و راپەڕاندنی مامەڵەی فەرمانبەران و مامۆستایان، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی ھاووڵاتیان و راپەراندنی ئیش و کارەکانیان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین دەکرێتەوە”.
ئاماژە بەوەشکراوە: “لە هەمانکاتدا و لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەسوکاری شەھیدان و خزمەتکردنی زیاتریان، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی ھاووڵاتیان و ئاسانکاری و راپەراندنی ئیش و کارەکانی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەکرێتەوە”.