حسێن عەلی، گۆرانییەكی فۆلكلۆری نوێ كردەوە

گۆرانیبێژی ناوچەی گەرمیان، حسێن عەلی گۆرانییەكی فۆلكلۆری نوێكردەوە كە پێشتر هونەرمەندێكی بەناوبانگ و كۆچكردووی شاری سنە وتویەتی.

حسێن عەلی، گۆرانی (رۆژێك ئەمن و یاران)ی بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە بڵاوكردەوە، بەرهەمەكە فۆلكلۆرە و لەلایەن موزیسیانی ناسراو هێمن حسێن، كاری دابەشكردنی موزیكی بۆ كراوە.
گۆرانیبێژ حسێن عەلی بە (هەولێر)ی راگەیاند، كاتێك لەپۆلی یەكی ناوەندی بووە گوێی لەو بەرهەمە بووە كە لەلایەن هونەرمەندی كۆچكردوو (عەلادینی بابەشەهابی) لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان وتراوە، پێی سەرسام بووە، بیری لەوەكردۆتەوە كە رۆژێك لە رۆژانە نوێی بكاتەوە، بۆیە ئەمساڵ دەرفەتی بۆ دروست بووە و نوێی كردۆتەوە، بەڵام هۆنراوەكەی كردووە بە ناوچەی گەرمیان.
ئەم گۆرانیبێژە جگە لە گۆرانی وتن، شارەزای باشی مەقاماتە و بۆ ئەو مەبەستەش سوودی زۆری لە هونەرمەندی بەناوبانگی شاری كەركوك (شكور خەیات) بینیوە و وتی “خۆم لەناوچەی قادر كەرەم چاوم هەڵهێناوە و ژیاوم كە بنكەی مەقامات و قەتار و بەستە و سۆز و ئاوازە، هەروەها گوێم لە مامۆستا مام شكور خەیاتیش بووە، دەتوانم بڵێم ئەوەندە لەگەڵی مەقامم وتۆتەوە شارەزایم تێیدا پەیدا كردووە، دواتریش دەنگی مامۆستا حەسەن گەرمیانی كاریگەری زۆری لەسەرم هەیە”
حسێن عەلی جگە لە هونەرمەندان شكور خەیات و حەسەن گەرمیانی، سەرسامە بەزۆربەی هونەرمەندە كۆچكردووەكان و ئەوانەشی لە ژیاندا ماون بەتایبەتی مامۆستا مەزهەر خالقی.
ناوبراو ئێستا دوو بەرهەمی دیكەشی بەدەستەوەیە كە ئیشی موزیكیان تەواو بووە و تەنها كاری كلیپیان ماوە و مەبەستییەتی لەڕێگەی ئەو بەرهەمانە، فۆلكلۆری كوردی زیاتر زیندوو بكاتەوە.

ھەواڵی زیاتر