سێشەممە, تشرینی دووه‌م 5, 2024
Image default

دادگای فیدڕالی سكاڵای ڕاگرتنی 200 ملیاره‌‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانی ڕه‌تكرده‌وه‌ 

دادگای فیدڕالی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌م ئه‌و سكاڵایه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌یان كرابوو به‌ مه‌به‌ستی ڕاگرتنی بڕی ئه‌و 200 ملیار دیناره‌ی كه‌ حكوومه‌تی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ینێرێ.

سكاڵایه‌كه‌ دژی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و وه‌زیری دارایی له‌ دادگای فیدڕالی تۆمار كرابوو و تێیدا داوا له‌ دادگاكه‌ كرابوو بڕیاری ڕاگرتنی ئه‌و 200 ملیاره‌ ده‌ربكات كه‌ مانگانه‌ وه‌ك به‌شه‌ بودجه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێ.

لای خۆیه‌وه‌ دادگای فیدڕالی سكاڵایه‌كه‌ی ڕه‌تكرده‌وه‌ و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراق ده‌توانێ له‌ ناردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌رده‌وام بێت تا حكوومه‌تی هه‌رێم بتوانێ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێ بدات.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كردبووه‌وه‌‌ حكوومه‌تی عێراق له‌ ساڵی 2020وه‌ تا ئێستا 14 مانگ بڕی ئه‌و 200 ملیار دیناره‌ی نه‌ناردووه‌ كه‌ وه‌ك شایسته‌ی موسته‌حه‌قی دارایی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌دا دانی پێدانراوه‌.