بڕیارە رووفاتی 100 جینۆسایدکراوی بارزانی بگەڕێندرێنەوە کوردستان و بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانیش رایدهگهێنێت، مەراسمێک بۆ ھێنانەوەی رووفاتی بارزانییەکان بەڕێوەدەچێت.
حاکم عادل، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بڕیارە رۆژی 30ی ئەم مانگە رووفاتی 100 جینۆسایدکراوی بارزانی لە باشووری عێراقەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و دواتر لە زێدی خۆیان ئەسپاردەی خاکی پیرۆزی کوردستان بکرێن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی دهشڵێت: مەراسیمێک بۆ ھێنانەوەی رووفاتی بارزانییەکان رێکدەخرێت و تێدا لایەنە پەیوەندارەکان و ھەرسێ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری دەکەن دواتر بەڕێدەکرێن بۆ دەڤەری بازران.
رۆژی 31ی7ی1983، رژێمی بەعسی لەناوچوو لە ھەڵمەتێکی دڕندانەی دژ بە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی لە کۆمەڵگەکانی قوشتەپە و بەحرکە و ھەریر و دیانە ھەشت ھەزار ھاووڵاتی سڤیلی ئەنفالکرد و دواتر لە بیابانەکانی عێراق زیندە بەچاڵکران.
ھاوکات رێبوار بارزانی، بەڕێوەبەری شەھید و ئەنفالکراوانی بارزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: تا ئێستا زیاتر لە 500 رووفاتی بارزانیەکان گەڕێندراونەتەوە خاکی باب و باپیران و ھەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و ھێنانەوە ھەموو رووفاتەکان دەدرێت.