كابینە‌ی نۆیە‌می حكوومە‌تی كوردستان خزمە‌تێكی زۆر و ھە‌نگاونان بە‌رە‌و داھاتوویە‌كی گە‌ش

غەفوور مەخموورى*

وتارەکەى کاک مەسرور بارزانى سەرۆکى حكوومەتى کوردستان لە سێیەم ساڵیادى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حكوومەتى کوردستاندا؛ شێوازێکى نوێ بوو لە وتاردان، زۆر راشکاوانە ئاستەنگ و ئالنگارییەکانى بەردەم کارەکانى حكوومەتى خستە ڕوو؛ هەروەها چۆنیەتیی کارکردن و بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئاستەنگ و ئالنگارییەکانى خستەڕوو، لە هەمان کاتدا راشکاوانە باسى لەو کارو پڕۆژانە کرد، کەوا حكوومەت بۆ زیاتر خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان لە زۆربەى زۆرى سێکتەرەکان كردوویەتی، ئەوەش وەڵامێکى هێمنانە و دروست بوو بۆ هەندێ کەس و لایەن و کەناڵى راگەیاندن کەوا بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەن و جەماوەر هان دەدەن کەوا حكوومەتى کوردستان لە رووى خزمەتگوزارییەوە کەمتەرخەمە، ئەو وتارەى بەڕێز سەرۆکى حكوومەتى کوردستان وەڵامێکى گونجاو بوو لە کاتێکى گونجاودا کەوا بەڵێ حكوومەت ئەو کارانەى کردووە کەوا لە خزمەتى خەڵکى کوردستاندان.
تەوەرى دووەمى وتارەکەى کاک مەسرور بارزانى سەرۆکى حكوومەتى کوردستان، بریتى بوو لە خستەڕووى بەرنامە و کارنامەى داهاتووى حكوومەت بۆ خزمەتکردنى خەڵکى کوردستان، کەوا کارنامەیەکى دەوڵەمەندە و هەوڵێکە بۆ زیاتر خزمەتکردنى خەڵکى و کوردستان و هەنگاونان بەرەو حكوومدارییەکى سەردەمیانە و مۆدێرن، کە لە ئاست خواستەکانى خەڵکى کوردستاندا بێت.
بە باوەڕى من حكوومەتى کوردستان لە ماوەى سێ ساڵى رابردوویدا؛ سەرەڕاى کارى حوکمدارى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بۆ خەڵکى کوردستان لە تەواوى بوارەکاندا، چەند کارى زۆر گرنگى كردووە، کە وایان کردووە پێگەى حكوومەت بەهێزتر بێت، وەک:

  • کارى زۆر جددیی كردووە بۆ چاکسازى و سیستماتیکردنى حكوومەتى کوردستان و رێکخستنەوەو دامەزراندنەوەى دەزگاو دامەزراوەکانى حكوومەتى کوردستان، ئەمەش وا دەکات کەوا گەشبین بین بەوەى لە داهاتووى نزیکدا دەبینە خاوەن حكوومەتێکى
    سیستماتیک و تەنکنۆکرات و مۆدێرن.
  • حكوومەتى کوردستان زۆر لێهاتوووانە مامەڵەى لەگەڵ تەنگژەى ئابوورى کرد و توانىی خۆى لەسەر پێ رابگرێت و قۆناخە سەختەکان دەرباز بکات، سەرەڕاى فشار و گەمارۆکانى عێراق و کەمیى داهات و دابەزینى نرخى نەوت و بڵاوبوونەوەى نەخۆشیى کۆرۆنا، توانیى بە بەردەوامى مووچەى فەرمانبەران دابین بکات و، سەدان پرۆژەى گرنگیش جێبەجێ بكات، دەتوانین بڵێین لەمەیاندا حكوومەتى کوردستان پێش زۆر حكوومەتى وڵاتانى ناوچەکە کەوت و بە پیادەکردنى سیاسەتێکى دروست رووبەڕووى قەیران و تەنگژەى ئابوورى بۆوە. – لە رووى دابینکردنى ئاسایش و ئارامى؛ سەرەڕاى هەڕەشەو دژایەتى و کارى تێکدەرانەى هەندێ لە وڵاتانى ناوچەکەو میلشیا لە یاسا دەرچووەکانى عێراق و تیرۆریستانى داعش لە دژى خەڵکى کوردستان و ئەنجامدانى کارى تێکدەرانە و چەندین جار مووشەکبارانکردنى هەولێر لە ئەو لایەنانەى کەوا باسمان کردن، بەڵام حكوومەتى کوردستان توانىی رووبەرووى ئالنگارییە ئەمنییەکان ببێتەوە و کوردستان بپارێزێت، دوا بڕیارى حكوومەت لە بوارى ئەمنیدا قەدەخەکردنى هەڵگرتنى چەکە لە لایەن کەسانى نابەرپرس، ئەمەش هەنگاوێکى گرنگە بۆ ئەوەى تاوانکارى لە کوردستاندا کەمتر بێتەوەو چەک تەنها لاى حكوومەت بێت و دیاردەى چەکدارى و بازرگانیکردن بە چەک بنبڕ بکرێت.
  • لە رووى دیپلۆماسییەوە؛ حكوومەتى کوردستان لە سێ ساڵى رابردوودا توانیویەتى پەرە بە پەیوەندییەکانى لە گەڵ وڵاتانى جیهان و وڵاتانى عەرەبى بدات و پێشیان بخات و بەشدارىی چەندان کۆنگرە و کۆنفرانسى نێودەوڵەتیى کردووە، ئەو کۆنگرە و کۆنفرانسانەش وێستگەیەک بوون بۆ خورتکردنى پەیوەندییەکان و دروستکردنى پەیوەندىی نوێ، ئەگەر لە رابردوودا حكوومەتى کوردستان لە ناوەندى عەرەبیدا وەک پێویست ئامادەیى نەبووبێت، ئەوا لە سێ ساڵى رابردوودا توانراوە ئەوە راست بکرێتەوە و پەیوەندیى کوردستان و زۆر لە وڵاتانى عەرەبى خورتتر بکرێن، سەرەڕاى ئەمانە بە لەبەر چاوگرتنى بەرژەوەندییەکانى کوردستان توانیویەتى سیاسەتێکى گونجاو و ژیرانە بەرامبەر وڵاتانى دەوروبەر پیادە بکات. لە ماوەى سێ ساڵى رابردوودا؛ حكوومەتى کوردستان خزمەتێکى زۆرى پێشکەش کردووە، ئەوەش ئەوەمان پێ دەڵێت، کەوا چاومان لە داهاتوویەکى گەشتر بێت، وتارەکەى بەڕێز سەرۆکى حكوومەتى کوردستانیش ئەو گەشبینییەى تێدایە، کەوا بەڵێ داهاتوو باشتر و گەشتر دەبێت.
ھەواڵی زیاتر