بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا رایگەیاند، کە هەر لە دوای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە، هەرێمی کوردستان و جیهان بەگشتی، رووبەڕووی قەیرانێکی تەندروستی بووەوە کە بڵاوبووبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو ، سەرئەنجام قەیرانی دارایی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش دەرهاویشتەکانی هەر ماون. حکومەتی فیدراڵیش، جگە لە چەند مانگێکی کەم نەبێت، بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ تەواوکاری مووچە، کە 200 ملیار دینار بوو، نەنارد. هەروەها چەندین هەوڵی دەرەکی و ناوخۆییش بۆ پەکخستنی حکومەتەکەتان درا. بەڵام حكومەت، توانی لە رێگەی پلان و بەرنامە و چاکسازییەکانیەوە، تاڕاددەیەکی باش ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.
ئەمەش دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە :
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
کوردستانیانی بەڕێز
ئەم کاتەتان باش
بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێویستم زانی ئەم وتەیەتان پێشکەش بکەم و باس لەوە بکەم کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، چیمان کردووە و دەسکەوتەکانی ئەم کابینەیە چی بوون. هەروەها باس لە پلان و بەرنامەی داهاتوومان دەکەین .
لێرەدا زۆر گرنگە ئاماژە بەوە بدەم کە هەر لە دوای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە، هەرێمی کوردستان و جیهان بەگشتی، رووبەڕووی قەیرانێکی تەندروستی بووەوە کە بڵاوبووبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو ، سەرئەنجام قەیرانی دارایی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش دەرهاویشتەکانی هەر ماون. لە هەمانکاتدا بەداخەوە، حکومەتی فیدراڵیش، جگە لە چەند مانگێکی کەم نەبێت، بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ تەواوکاری مووچە، کە 200 ملیار دینار بوو، نەنارد. هەروەها چەندین هەوڵی دەرەکی و ناوخۆییش بۆ پەکخستنی حکومەتەکەتان درا. بەڵام حكومەتی هەرێمی کوردستان، توانی لە رێگەی پلان و بەرنامە و چاکسازییەکانیەوە، تاڕاددەیەکی باش ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.
چیمان کرد:
لە بواری دارایی: توانيمان مووچە بە بەردەوامی بدەین ، ئەگەرچی هەندێک جاریش دواکەوتبێت یان چەند مانگێکی کەم، رێژەی مووچەکە سەد لە سەد نەبوو ، بەڵام مووچە دابەشکردن هەر بەردەوام بووە بە پێی بودجەی بەردەست.
لەم کابینەیەدا توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتی، بەبێ قەرزکردن تێپەڕێنین. بۆیە نەک تەنیا هیچ قەرزێکمان نەکرد و بارگرانیی و بەرپرسیارییەتیمان بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکرد، بەڵکو قەرزەکانی حکومەتیشمان کەم کردەوە و لەم ماوەیەدا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار قەرزمان داوەتەوە.
لە ئەنجامی چاکسازی لە هەردوو بواری دارایی و کارگێڕی، داهاتی ناوخۆ بە رێژەیەکی بەرچاو و تا ئاستی %100 زیادی کردووە.
لە رووی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان ، کارمان بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات کردووە :
زۆرترین خەرجی لە دوای ساڵی 2014 لە بواری جادەو رێگەوبان بووە.
هەروەها لەم کابینەیەدا بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵی، زۆر زیادی کردووە و بە کردەوە ، هەلی هەناردەکردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی ناوخۆی کوردستانمان بۆ دەرەوە و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی رەخساندووە و دەستیپێکردووە .
هەروەها پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی لە بواری دابینکردنی ئاسایشی خۆراک ئەنجامدراون و هەندێکیان تەواو بوون و هەندێکیشیان ئێستا لە جیبەجێکردندان.
کار بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پۆند کراوە.
لە کەرتی کارەباشدا، ژێرخانی کارەبا بە هێزتر کراوە تا رێگە لە بەفیڕۆدانی کارەبا بگیرێت. هەروەها چەندین مێگاواتی تر خراوەتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی.
لە بواری گواستنەوەی گشتی، هەنگاوی کردەیی نراون بۆ کاراکردنی گواستنەوەی گشتی و دروستکردنی هێلی ئاسنین.
لە بواری کارگێڕی و بەڕێوەبردندا: چاکسازی لە سیستەمی حکومڕانی و بەڕێوەبردن لە ئاستی هەموو وەزارەتەکان کراوە. لەم رووەوە، زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بەئەلیکترۆنی کراون و هەنگاوی کردەیی، بۆ دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی نراون. داتا سەنتەرێکی ناوەندیمان بۆ حکومەت دامەزراندووە. هەروەها سیستەمێکی دیجیتاڵیمان بۆ ئامار و سەرژمێرکردنی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
کارمان کردووە بۆ کەمکردنەوەی بیرۆکراسی لە فەرمانگە و دام و دەزگاکانی حکومەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و وگواستنەوەی خزمەتگوزارییەکان لە ناوەندی پارێزگاکان بۆ ئاستی قەزاکان.
هەنگاومان ناوە بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و بنبڕکردنی و رێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.
لەم کابینەیەدا، هەماهەنگییەکی تۆکمە و بەهێز لە ناو ئەندامانی کابینە و ئەنجومەنی وەزیران دا هەیە. زۆرترین کۆبوونەوەی حەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانیش کراوە بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت .
هەروەها پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا هەیە و وەزیران و بەرپرسانی حکومەت، زۆرترین سەردانی پەرلەمان و لیژنەکانی پەرلەمانیان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و خستنەڕووی روونکردنەوەی پێویست بۆ پەرلەمانتاران .
لە بواری گرنگیدان بە خوێندن وپەروەردە : جگە لە بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست و نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی چەندین قوتابخانە وپەرەپێدان بە خوێندنی ئانلاین و فراوانکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی و خوێندن لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکە، بۆ باشترکردنی کوالێتی پەروەردە و خوێندنی باڵاش، )دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا)مان دامەزراندووە .
لە بواری هۆشیاری کۆمەڵایەتی:
زۆرترین زانیاری و روونکردنەوەمان لە بارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی حکومەت بڵاوکردووەتەوە . هەروەها کارمان کردووە بۆ فراوانکردنی مەودای ئازادی راگەیاندن و رادەربڕین و زەمینەسازکردن بۆ دروستبوونی راگەیاندنێکی بەرپرسیار لە هەرێمی کوردستان.
بەردەوام بووین لە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
هەوڵی بەردەواممان داوە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و جیاوازی رەگەزی و بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت.
گرنگيمان داوە بە بواری ژینگەپارێزی و بەکارهێنانی وزەی سەوز وژینگەدۆست.
*لە بواری بەرگری و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی: یەکەمجارە لەم کابینەیەدا، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە چووەتە بواری کردەییەوە.
بەردەوام بووین لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوەی هەوڵی تیرۆریستی و دەستگیرکردنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و گرنگیدان و پشتیوانیکردنی رۆڵی دادگاکان بۆ سزادانی سەرپێچیکاران.
سەردانی مەیدانیمان کردووە بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە بۆ بەهێزگردنی هێڵەکانی بەرگری لە بەرامبەر تیرۆریستان .
هەر لەم رۆژانەش هەڵمەتی راماڵینی چەکی بێ مۆڵەت دەستی پێکردووە .
لە بواری پەیوەندیی لە گەڵ حکومەتی فیدرالی : لە چوارچێوەی سیاسەتمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پارێزگاریکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانمان، زیاترین هەوڵمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان داوە و بەردەوامیش شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆو گەیشتن بە چارەسەرێک لە سەر بنەمای دەستوور ، سەردانی بەغدای کردووە و لە هەوڵەکانمان بەردەوامین.
لە بواری دیپلۆماسی وپەیوەندیی نێودەوڵەتیدا : کارمان بۆ پەرەپێدان و بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییانە کردووە و لە سەردانەکانمان بۆ وڵاتانی هەرێمی و عەرەبی و ئەوروپایی و لە کۆڕ و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان روونکردووەتەوە و پەیوەندییەکانمان پتەوتر کردووە.
پلان و بەرنامەکانمان بۆ ماوەی داهاتوو ئەمانەن ؟
بەردەوامیدان بە سیاسەتی هەمەجۆرکردنی ئابووری وسەرچاوەکانی داهات و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ .
زیادکردنی بەنداوەکان و بەردەوامیدان بە کارکردن لە سەر پاراستنی ئاسایشی ئاو.
دامەزراندنی سیستەمێکی ژینگەدۆست بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاشاک و زبڵ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان .
زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بەکارهێنانی وزەی خۆر وگازی بەفیڕۆدراو و ئەو سەرچاوانەی کە نرخی بەرهەمێنانی کارەبا کەم دەکاتەوە.
بەردەوامبوون لە سەر پاڵپشتیکردنی گەنجانی کوردستان بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەی بچووک بە مەبەستی دروستکردنی هەلی کاری زیاتر.
بەکارخستنی سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکی، بۆ بەهێزکردنی ئاڵۆگۆڕکردنی بازرگانی و جووڵەی بازاڕەکان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان.
فراوانکردنی خزمەتگوزاری ناو شارەکان و زیادکردنی رووبەڕووی سەوزایی و تایبەتمەندییە ژینگەییەکان لە شارەکان.
پەرەپێدان و زیاترکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتەکان.
باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە گوندەکان و شارۆچکەکان، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئەوێ روو لە شارە گەورەکان نەکەن.
بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆ و سنوورەکان و بەردەوامبوون لە سەر ئەوەی نابێت هەرێمی کوردستان وەک هەڕەشە و پێگەیەکی هێرشکردن بۆ سەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێنرێت.
ئەمانە ئاماژەدانێکی خێرا و کورتەیەکی چەند تەوەرێکی گرنگی دەسکەوتەکان بوون، کە وەزیرە بەڕێزەکان، وردەکاری زیاتری لەمبارەیەوە دەخەنەڕوو.
کوردستانییانی خۆشەویست:
ئێوەی هاووڵاتییانی کوردستان، سەنتەری گرنگیپێدانی ئەم کابینەیەن و دڵنیابن هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە، خزمەتتان بکەین و لە ئاست خواست و داخوازییەکانی ئێوەدا بین