ڕۆمان و ئەزموون

(چەند سەرنجێکی کورت)

ئارام کۆشکی

بۆ ئەوەی قسە لەسەر ڕۆمان بکەین، سەرەتا دەبێت لەبارەی ئەدەبەوە بدوێین، بەو پێیەی ڕۆمان ژانرێکی ئەدەبییە. بێگومان پێناسە زۆرە بۆ ئەدەب و بەردەوامیش پێناسەی نوێی بۆ دەکرێت. بەڵام ئەوەی لەنێو ئەو پێناسانەدا جێگەی تێڕامان و سەرنجە ئەوەیە ئەدەب ژیانێکی دیکەیە، ژیانێکی گریمانکراو، وەکو ئەوەی ئەم ژیانە واقیعیە بەشی مرۆڤ نەکات بۆیە پەنا بۆ ئەدەب دەکات تا لە ڕێی نووسینەوە ژیانێکی دیکە بئەفرێنێت. ڕەنگە زۆرجار مرۆڤ بۆیە بنووسێت و پەنا بۆ ئەدەب ببات، لەپێناو ئەوەدا بێت تۆڵەی خۆی لەو ژیانە سەپێنراوە بکاتەوە کە بەسەریدا سەپێنراوە و لە واقیعدا توانای گۆڕینی تەواوەتی نییە. ڕەنگە زۆرجاریش بیەوێت ژیانێکی پەراوێزی، یان ڕووداوێکی گەورە بنووسێتەوە کە بۆ ئەوەی جێگەی سەرنجە.
من بڕوام بە بوونی ئەدەبی مەزن و ئەدەبی بچووک نییە، ئەدەب هەمیشە گرنگ و گەورەیە. ئەوەی لە بایەخی ئەدەب کەم دەکاتەوە نەبوونی داهێنانە. هەموو ئەدەبێکی ڕاستەقینە پێویستە ئەدەبێکی داهێنەرانە بێت. بێگومان کە زاراوەی ئەدەبی داهێنەرانە بەکار دەهێنم، هاوکات زاراوەی ئەدەبی کۆپیکاریشم لە خەیاڵدایە، کە دژەکەیەتی. هەموو ئەدەبێکی کۆپیکار ساختەیە و توانای بەرهەمهێنانی ئایدیای نوێی نییە. تێری ئیگڵتۆن لەمبارەیەوە دەڵێت: “ئەدەبی گەورە ئەدەبێکە، سەرکەشانە کراوەیە بە ڕووی ژیاندا و ژیانیش هەرچییەک بێت دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەدەبی مەزنەوە پیشان بدرێت.” ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت، کە بڵێین ئیگڵتۆنیش ئەدەب هاوتا دەکاتەوە بە ژیان و ئەو وشەی “سەرکەشانە”ش بەکاردەهێنێت، کە دەشێ ئاماژە بێت بۆ ئەوەی کە ئەدەب هەنگاوێک زیاتر لە ژیان قووڵتر دەبێتەوە. بێگومان هەمیشە ئەدەب، نەک بەتەنها هەنگاوێک، بەڵکو زیاتر لە ژیان بەرەو پێشتر دەڕوات. هێزی خەیاڵ ئەو شتەیە، کە ئەم بەرەوپێشچوونەی بە ئەدەب بەخشیوە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ باسکردن لە هونەری ڕۆمان، دەبینین ڕۆمان ئەو ژانرەیە، کە دەستکراوەیە بۆ ئەوەی خەیاڵ تێیدا بۆ سەروژیان بفڕێت و مەحاڵ بەرجەستە بکات. ڕۆمان بەم فۆڕمە مۆدێرنەی ئێستای ئەگەرچی یەکێکە لە ژانرە تازەکان، بەڵام دەتوانین ڕیشەکانی ئەم هونەرە لەنێو ئەفسانە و داستانە شیعرییەکاندا بدۆزینەوە، چونکە گێڕانەوە پانتاییەکی زۆری ڕۆمان داگیر دەکات و خودی “گێرانەوە”ش، یەکێکە لە کۆنترین ئەو شتانەی مرۆڤ پەنای بۆ بردووە و گوزارشتی لە بوونی خۆی و دەوروبەری پێ کردووە. بێگومان دەبێت ئەوەش بڵێین کە فۆڕمی دەربڕین و گێڕانەوەکان لە هەر قۆناغێک جیاواز بووە. بەڵام خەونی گێڕانەوە هاوتای بوون و گەشەکردنی مرۆڤ بووە و ئەم خەونە درێژبووەتەوە، کە لە دونیای مۆدێرندا لە فۆڕمی ڕۆماندا دەخرێتەڕوو، یان گوزارشتی لێ دەکرێت و دەنووسرێتەوە.
ڕەنگە هەموومان خەونی ئەوەمان هەبێت ڕۆمانێک بنووسین، کە خەونێکی گەلێک ڕەوایە و پێمانوایە ژیانی ئێمە گەلێک تایبەتمەندی هەیە، کە بکرێتە ڕۆمان، بەڵام ئایا لە کۆتاییدا هەموومان دەبینە ڕۆماننووس؟ ئایا بە کێ دەوترێت ڕۆماننووس؟ بۆ ئەوەی بە کەسێک بوترێت ڕۆماننووس دەبێت چی بکات و چی شتێکی هەبێت؟
بێگومان هەموان ناتوانن ببنە ڕۆمانووس، بەڵام لەنێو ئەو دەیان و سەدان کەسەی کە خولیای نووسینی ڕۆمانیان هەیە بەشێکیان دەبنە ڕۆماننووس و دەتوانین بڵێین ئەمەش ئەوانەن کە هەم خولیایەکی زۆریان بۆ نووسین هەبووە و قوربانیان بۆ داوە، هەم کاتێکی زۆریان بۆ خوێندنەوە و نووسین و تێگەیشتن لەم ژانرە تەرخان کردووە تا گەیشتوون بە پلەی ئەوەی زۆرێک لە نهێنییەکانی ئەم هونەرە کەشف بکەن و دواجار تێکستێکی داهێنەرانەی پێ بنووسن. لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بۆ چۆنێتی نووسینی ڕۆمان “ئەلیف شەفەق” سەبارەت بە نووسینی ڕۆمان دەڵێت: “هەر کاتێک دەست دەکەم بە ڕۆمانێکی نوێ، گەڕانێکی زۆر و خوێندنەوەیەکی زۆر دەکەم سەبارەت بە بابەتەکە. وەکو ڕۆمانووسێک مافی ئەوەم نییە تەمبەڵ بم. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە چەند هەفتە و مانگێک دەخوێنمەوە هەتا دەگەمە ئەوساتەی پێویستە لە خوێندنەوە بوەستم و دەست بە نووسین بکەم”.
لەم چەند ڕستەیەی سەرەوەی “ئەلیف شەفەق”ەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، ئەو ڕۆمانووسەی دەتوانێت تێکستێکی داهێنەرانە بنووسێت ئەو ڕۆماننووسەیە کە زۆرترین سەروکاری لەگەڵ خوێندنەوە و نووسینی ڕۆماندا هەبووە، بەمەش دەگەین بەوەی کە ئەم هونەرە، هونەری گەڕان و خوێندنەوە و ئەزموونکردنە، بەبێ ئەمانە مەحاڵە بتوانرێت دەقێکی داهێنەرانەی سەرکەوتوو بنووسرێت (بێگومان ئەم قسانە گشتی و بەدەرن لە حاڵەتی ئاوارتە). بەڵام ئەوەی کە خاڵی سەرەکییە ئەوەیە بەتەنها ئەزموونی نووسین بەس نییە بۆ نووسینی ڕۆمان، چونکە دەکرێت ڕۆمانووسێک دوای نووسینی 10 ڕۆمان ئیدی بڵێت من ئەزموونم هەیە و پێویستم بە خوێندنەوە و گەڕان نییە بۆ ئەوەی ڕۆمانێکی نوێ بنووسم، لەگەڵ خوێندنەوە و گەڕان و کەڵەکەکردنی ئەزمووندا هاوکات ئەزموونی ژیانکردنیش زۆر سوودمەندە بۆ ڕۆمانووس.
لە لایەکی دیکەوە بەشێک لە ڕۆماننووسان تەنها ئەو ژانرە دەخوێننەوە کە دەینووسن، بەڵام ئەمەش هەڵەیەکی دیکەیە، چونکە بەتەنها بە خوێندنەوەی ڕۆمان کەس ناتوانێ ببێتە ڕۆماننووس، چونکە ڕۆمان لەو ژانرانەیە کە وەک زۆرجار دەوترێت کۆکراوەی هەموو زانستەکانی دیکەیە هەر لە (دەرووناسی، کۆمەڵناسی، مرۆڤناسی)ـەوە تا (مێژوو، سیاسەت و کولتوور)، کە گرێدراوی زۆر بابەتی دیکەیە، کە بەشێکیان پەیوەندی بە پاشخان و ئەزموون و سەلیقەی خودی ڕۆماننووسەوە هەیە. ئەلیف شەفەش لە هەمان چاوپێکەوتندا کە لێی دەپرسن چی دەخوێنیتەوە ئەو زۆر ڕاشکاوانە دەڵێت: “هەموو شت دەخوێنمەوە، کە چێژ و جوڵەی تێدا بدۆزمەوە، هەمووکات ڕۆمان و فەلسەفەش دەخوێنمەوە”.
خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە بەتەنها شارەزابوون لە گێڕانەوە و حیکایەتخوانی و لە یەک شێوازی گێڕانەوە بەس نییە بۆ ئەوەی کەسێک ڕۆمانێکی سەرکەوتوو بنووسێت. بەڵکو ڕۆماننووسین پێویستی بە ئەزموونی خوێندنەوەی هەمە جۆر و بەبەرنامە هەیە. دەشێ ڕۆماننووسێک بۆ نووسینی ڕۆمانێک 200 کتیب لە یەک بواری تایبەتدا بخوێنێتەوە (یان شەفەق گوتەنی چەندین هەفتە و مانگ بخوێنێتەوە)، ئەمە بێجگە لەوەی پێویستی بە خوێندنەوەی دەیان کتێبی دیکەیە سەبارەت بە تەکنیک و چۆنێتی گێڕانەوە و بەرەوپێشبردنی کاراکتەر و ڕووداوەکان و گەیاندنیان بە خاڵێک لە ئیدی پێویستە بوەستن و حیکایەت بە کۆتا بگات.
بە کورتی چەندە پێویستە ڕۆماننووس شارەزای ئەو بابەت بێت کە ڕێڕەی چیرۆکەکەی پێدا دەڕوات و هەموو حیکایەت و تێمەکان بۆ ئەوە دەخولقێن. هاوکات پێویستی بە شارەزاییشە لەبارەی ئەو تەکنیکەوەی کە هەڵی بژاردووە بۆ گێڕانەوە و گەیاندنی پەیامەکەی. بێگومان لە هەموو دەقێکی سەرکەوتوو و داهێنەرانەدا ئەم دوانە (فۆرم و ناوەرۆک) وەکویەک دەچنە پێشەوە و گەشە دەکەن. زیادەڕوی لە یەکێک لەم دوانە و پشتگوێخستنی ئەوی دیکەیان بە زیان بۆ دەق دەشکێتەوە.

ھەواڵی زیاتر