پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان ده‌گاته‌ هەشت ملیار كه‌س 

ئیداره‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباروی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (11ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 2022) رایگه‌یاند، تا 15ی تشرینی دووه‌می داهاتوو ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان ده‌گاته‌ 8 ملیار كه‌س و پێشبینیش ده‌كه‌ن له‌ رووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه‌ هیندستان پێش چین بكه‌وێت.

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، ژماره‌ی دانیشتوان ده‌گاته‌ 8 ملیار كه‌س، ئه‌وه‌ش به‌بیرمان دێنێته‌وه‌، به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی هاوبه‌شمان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاگاداری هه‌ساره‌كه‌مان بین و بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ هێشتا به‌پێی پێویست پابه‌ند نه‌بووین.

گوتیشی: ده‌بێت رێز له‌یه‌كتر بگرین و دان به‌ مرۆڤایه‌تییه‌ هاوبه‌شه‌كه‌مان بهێنین بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی له‌ بواری ته‌ندروستی هه‌مانه‌، كه‌ رێژه‌ی مردنی دایكان و منداڵان كه‌می كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی ئیداره‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباروی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان ئێستا به‌ سستی گه‌شه‌ ده‌كات، به‌راورد به‌ ساڵی 1950. ژماره‌ی دانیشتوانیش له‌ ساڵی 2023 ده‌گاته‌ 8.5 ملیار كه‌س، له‌ ساڵی 2050 ده‌گاته‌ 9.7، پێشبینیش ده‌كه‌ن تا ساڵی 2080 ژماره‌ی دانیشتوان بگاته‌ 10.4 و تا ساڵی 2100 به‌م شێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكرده‌وه‌، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان راشیگه‌یاندووه‌‌، رێژه‌ی گه‌شه‌ی دانیشتوان له‌و وڵاتانه‌ی به‌ پێشكه‌وتوو ئه‌ژماركراون، كه‌می كردووه‌، پێشبینیش بۆ زۆربوونی ژماره‌ی دانیشتوان له‌ چه‌ند ده‌یه‌ی داهاتوو نیوه‌یان له‌ هه‌شت وڵات ده‌بێت، كه‌ ئه‌وانیش له‌ كۆنگۆ، میسر، ئیسیوپیا، هیندستان، نه‌یجیریا، پاكستان، فلیپین و ته‌نزانیا ده‌بن.