ئامادەکارییەکانی یانەی پیشەسازی بۆ وەرزی نوێی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان دەخاتە ڕوو

دوای ١٣ ساڵ جارێکی تر یانەی پیشەسازی گەیشتەوە خولی یانە پلەیەکەکانی کوردستان، یانەکە ئەم وەرزە بە پێکهاتەیەکی جیاواز دەستی بە ئامادەکارییەکان کردووە، بەگوتەی ستافی ڕاهێنەرانی خولەکەیش بەشێوەیەکی باش ئامادەکارییان کردووە و مەبەستیانە ببنە ژمارەیەکی قورس لە خولەکە و ئەنجام دەستکەوتی باش بەدەستبهێنن.

کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە تیپەکە کردوە
دەربارەی دروستکردنی پێکهاتەی ئەم وەرزەی یانەکە و ئامانج و گۆڕانکارییەکانی یانەی پیشەسازی بۆ وەرزی نوێی خولی پلە یەکەکانی کوردستان، مەولود ڕەمەزان یاریدەدەری ڕاهێنەری تیپەکە لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی هەولێر قسەی کرد و گووتی: ماوەی زیاتر لە مانگێکە ئامادەکارییەکانمان بۆ وەرزی نوێی دەسپێکردووە، تیپەکەمان بەبەراورد بە وەرزی ڕابردوو گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، ١٠ یاریزانی نوێمان هێناوە بۆ تیپەکە کە زۆربەیان ئەزمونیان زۆرە لە خولەکانی کوردستان.
یاریدەدەری ڕاهێنەرەکەی یانەی پیشەسازی باسی ئەوەیشی کرد دوای سەرکەوتنیان لە خولی یانە پلە دووەکان ١٢ یاریزانی وەرزی ڕابردوویان لەگەڵ ماوە و ئەم وەرزەیش لەگەڵیان بەردەوام دەبن کە ڕۆڵیان هەبوو لەسەرکەوتنمان بۆ خولی یانە پلە یەکەکان، بەهۆی کەمی کاتەوە نەمانتوانی کەمپی مەشق و ڕاهێنان بکەین، بەڵام لە مەشق و ڕاهێنانەکان بەردەوامین، بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ گەشتی دەڤەری ڕاپەڕینمان کرد و دوو یاری دۆستانەمان لەگەڵ یانەکانی ڕانیە و چوارقوڕنە ئەنجامدا و جگە لەو دوو یارییە چوار یاری تری دۆستانەمان کردووە.
بۆ گەیشتن بە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەیش بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوو، بەر لە دەسپێکردنی خولەکە دواین یاری دۆستانەی خۆمان ئەنجام بدەین.

مه‌ولود ره‌مه‌زان راهێنه‌ری یانه‌ی پیشه‌سازی: ئەم وەرزه‌ ده‌مانه‌وێت ببین بە ژمارەیەکی قورس لە خولەکە تا کۆتایی وەرز ڕکەبەری یانەکانی تر دەکەین و ده‌مانه‌وێت بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا خۆمان بگەیەنینە خولی نایابی کوردستان

ئامانجی یانەکە چی دەبێت؟
لەبەشێکی تردا مەولود ڕەمەزان یاریدەدەری ڕاهێنەری یانەی پیشەسازی باسی ئامانجی یانەکەی بۆ ئەم وەرزەی خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان کرد و لەو بارەیەوە گووتی: ئامانجی یانەکەمان ڕوونە مەبەستمان ئەوەیە کە ئەم وەرزە ببین بە ژمارەیەکی قورس لە خولەکە تا کۆتایی وەرز ڕکەبەری یانەکانی تر دەکەین، گەرەکمانە بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەکەدا خۆمان بگەیەنینە خولی نایابی کوردستان.
هێمای بۆ ئەوەیش کرد کە لایەنی دارایی یانەکە سنوردارە و ئەوانیش وەکو یانەکانی تر بەدەر نین لە کێشەی دارایی، گووتیشی کێشەی سەرەکی یانەکەمان تەواو نەبوونی یاریگەکەمانە، کە زیاتر لە ساڵێکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە، بەڵام بڕیار وایە بەم نزیکانە یاریگەمان ئامادەبێت، ئەمەیش خاڵێکی بەهێز دەبێت بۆ ئێمەو دەتوانین لەمەو دوا یاریەکان و مەشقەکانی خۆمان لە یاریگەی خۆمان ئەنجام بدەین.
بۆ زانین یانەی پیشەسازی لە وەرزی ٢٠٠٨لە خولی یانە پلە یەکەکان بەشداری کردووە و ئەم وەرزە دوای دابڕانی بۆ ماوەی ١٣ ساڵ جارێکی تر گەڕایەوە خولەکە، بڕیاریش وایە لە سەرەتای ئەم مانگە و لە یەکەم یاری خۆیدا پیشەسازی میوانداری یانەی سێمێل بکات، ستافی ڕاهێنەرانی یانەی پیشەسازی ئەم وەرزە بە بەمشێوەیە دەبێت سەرپەرشتیار دیار مەحەمەد ئەمین، ڕاهێنەر مازن ئەبوبەکر، یاریدەدەری ڕاهێنەر مەولود ڕەمەزان ڕاهێنەری گۆڵپارێز دڵشاد خضر

ھەواڵی زیاتر