پایزانه‌

 ناسری حیسامی
کە گوڵ ڕەنگی نەما، جا دێتە ڕەنگڕێژانێ پاییز
کە جووتێر دەغڵی هەڵگرت، دێتە سەر خەرمانێ پاییز

دەڵێ نەک جێ هەوارێک هێشتە پشکۆی گەرمی لێ بێ
بە دەم بایدا دەدا گشت خۆڵی ئاگردانێ پاییز

لەپشت پەرژین دەچرپێنێ بە گوێی دار و هەنارا
دەڵێ ئیدی نزیکە ڕۆژی دەستبەردانێ، پاییز

کزەی ساردە لە بن ئێخە و بەرۆکی کیژی مەزرا
جریوەی دێ لەگەڵ پاساریی بەرهەیوانێ پاییز

حەریری نەرمی مژ دێنێتە سەر باڵای کەژ و کێو
تەقەڵ نادا و چ تارایەک نییە نەیزانێ پاییز

لە پشتی پەنجەرە وەستاوە ئێستاکە و بە ئەفسووس
لە پەلکی سەوزی نێو گوڵدانی ژوور دەڕوانێ پاییز

22/9/2019
ھەواڵی زیاتر