لە ژمارەیەك دەزگەی ڕاگەیاندن و میدیادا وا بڵاو بووەتەوە كە لەسەر بابەتی پڕۆسەی سیاسی و ناوی كاندیدانی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، سەرۆك بارزانی پەیامی جیاوازی بۆ سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناردووە.
لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستی و هیچ بنەمایەكی نیە. لەگەڵئەوەشدا جەخت لەوە دەكەینەوە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و حكوومەتی داهاتوودا، ناوی كەس و لایەن بە لای سەرۆک بارزانیەوە گرنگ نیە بەڵكو جێبەجێكردنی دەستوور و، بەرنامەی حكوومەتی داهاتووی عێراق گرنگە كە هاوكات ئەو بەرنامەیە دەبێ لەسەر بنەمای هەر سێ پڕەنسیپی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان بێت.
بارەگای بارزانی
٦ـی تەمموزی ٢٠٢٢