چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

پاریس سانجێرمان له‌ پێناو بردنه‌وه‌ی چامپیۆنزلیگ راهێنه‌رێكی نوێی ده‌ستنیشان كرد


مێسی خۆی پێشكه‌شی بارسێلۆنا ده‌كاته‌وه‌ و چاوه‌ڕێی رازیبوونی لاپۆرتا ده‌كات
یانه‌ی پاریس سانجێرمان ماوریزیۆ پۆچیتینیۆی دوورخسته‌وه‌ و راهێنه‌رێكی نوێی به‌ ئامانجی بردنه‌وه‌ی نازناوی چامپیۆنزلیگ ده‌ستنیشان كرد، له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌، ده‌نگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی مێسی بۆ بارسێلۆنا و رۆیشتنی كریستیانۆ بۆ چێڵسی بووه‌ بابه‌تی گه‌رمی میدیایه‌كانی ئه‌ورووپا.

پۆچیتینیۆ رۆیشت و كریستۆفه‌ر هات
پاریس سانجێرمان بە فەرمی رۆیشتنی ماوریسیۆ پۆچێتینۆی راهێنەری لە یانەکەی راگەیاند و شوێنگره‌وه‌كه‌شی به‌ میدیایه‌كان ناساند.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5 ته‌مووزی 2022، پاریس سانجێرمان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند لەگەڵ پۆچێتینۆ گەیشتنە رێککەوتن و بە رەزامەندی هەردوولا گرێبەستەکەی نێوانیان هەڵوەشاندەوە کە وەرزێک لە گرێبەستەکەی نێوانیان مابوو.
هێما بۆ ئەوەش کراوە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە پۆچێتینۆ و یاریدەدەرەکانی 10 ملیۆن یۆرۆ لە یانە فەرەنسیەکە وەردەگرن. پۆچێتینیۆی ئارجێنتینی لە وەرزی رابردوو ناسناوی لیگ وەنی بۆ سانجێرمان بردەوە، بەڵام بەهۆی بەدەستنەهێنانی خەونی پاریس بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
راسته‌وخۆ دوای دوورخرانه‌وه‌ی پۆچیتینیۆ، پاریس سانجێرمان دوای چەند کاتژمێرێک رایگەیاند گرێبەستێکیان لەگەڵ کریستۆڤ گاڵتێی 55 ساڵان و راهێنەری پێشووی نیس واژۆ کردووە و لە وەرزی داهاتوو سەرکردایەتی یانەکە دەکات، کە ئەم راهێنەرە لە 2021 سەرکردایەتی لیلی کرد لە بردنەوەی ناسناوی لیگ وەن.

راهێنه‌ری نوێی پاریس: ده‌ستبه‌رداری نێیمار نابم
ئێواره‌ی دوێنێ بە ئامادەبوونی ناسر خلێفی سەرۆکی یانەکە کریستۆڤ گاڵتیێ بەشداری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی کرد و باسیان لە ئامانجەکانی یانەکە کرد.
گالتیێ راهێنه‌ری نوێی یانه‌ی پاریس سانجێرمان له‌ یه‌كه‌مین لێدوانیدا رایگه‌یاند نێیمار له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بێت، گوتیشی: بۆ وه‌رزی نوێ به‌ پلانی 3 به‌رگری یاری ده‌كه‌م.
گاڵتیێ له‌ باره‌ی مێسی، مباپێ و نێیمار گوتی: جارێ هیچ ناڵێم به‌ڵام به‌منزیكانه‌ له‌گه‌ڵیان داده‌نیشم و هه‌ندێكیان ده‌ناسم و بۆچوون و پلانی خۆشمیان بۆ روون ده‌كه‌مه‌وه‌.
كریستۆفه‌ر گاڵتیێ پێش ئه‌وه‌ی بێته‌ پاریس، نازناوی جامی فه‌ره‌نسای بۆ یانه‌ی لیل به‌ده‌ستهێناوه‌ و وه‌رزی رابردووش جامی فه‌ره‌نسای بۆ نیس به‌ده‌ستهێنا.

مێسی داوای له‌ چاڤی كردووه‌ بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بارسێلۆنا
بەپێی بەرنامەی ئێلچێرینگیتۆی ئیسپانی لیۆنێل مێسی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارسێلۆنا هه‌یه‌ کە رۆژانێک بەیەکەوە سەرجەم ناسناوەکانیان لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بردووه‌ته‌وه‌، لە بەرنامەکە هێما بۆ ئەوە کراوە مێسی پەیوەندی بە چاڤی کردووە و پرسیاری لێکردووە دەربارەی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا.
ئاماژە بەوەش کراوە چاڤی وەڵامی مێسی داوەتەوە و بە خۆشحاڵیەوە بە داواکەی قبوڵ کردووە، بەڵام پێی راگەیاندووە دەبێت قسە لەگەڵ لاپۆرتای سەرۆکی یانەکە بکات، بەڵام لاپۆرتا تا ئێستا هیچ وەڵامێکی نەبووە.
مێسی لە هاوینی رابردوو بە گرێبەستێکی سەربەست رووی لە پاریس سانجێرمان کرد دوای ئەوەی بارسێلۆنا لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی شکستی هێنا.
لیۆنێل مێسی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا 778 یاری كرد، 672 گۆڵ و 305 ئاسیستی تۆمار كرد، 10 نازناوی لالیگا، 4 نازناوی چامپیۆنزلیگ و 6 خه‌ڵاتی تۆپی زێڕینی به‌ده‌ستهێنا، ریكۆردی زۆرترین گۆڵ و زۆرترین هاتریك و زۆرترین گۆڵ به‌ لێدانی راسته‌وخۆ و خاوه‌نی زۆرترین ئاسیستی له‌و یانه‌یه‌ نووسییه‌وه‌، له‌م هاوینه‌ دوای ته‌واوبوونی گرێبه‌سته‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا له‌یه‌كتر جیابوونه‌وه‌.

كریستیانۆ له‌ چێڵسی نزیكه‌
وابڕیاربوو ئه‌م هه‌فته‌یه‌ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یاریزانەکانی دیکەی مانچێستەر یونایتد بگەڕێتەوە یانەکەی و دەست بە مەشق و راهێنان بکات، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە هۆکاری خێزانی نەگەڕاوەتەوە و یانەکەشی بیانووەکەی هێرشبەرە پۆرتوگاڵییەکەی قبووڵ کردووە.
پێشتر رۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی ئاشکرایکردبوو مانچێستەر یونایتد داوای لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ کردووە بە زووترین کات بگەڕێتەوە و پەیوەندی بە راهێنانەکانی یانەکەی بکات کە رۆژی هەینی داهاتوو مان یونایتد لە تایلاند دەست بە کەمپی مەشق و ئامادەکاریی بۆ وەرزی داهاتوو دەکات.
رۆژی شەممە میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ داوای لە یانەکەی کردووە رێگای پێبدەن لەم هاوینە بچێتە یانەیەکی دیکە لەکاتێکدا تا هاوینی ٢٠٢٣ گرێبەستی لەگەڵ مان یونایتد ماوە.
رۆناڵدۆی ٣٧ ساڵان گلەیی لە گرێبەستەکانی ئەم هاوینەی یانەکەی هەیە و دەیەوێت بچێتە یانەیەکی دیکە.
له‌ لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ رۆژنامه‌ی میره‌ری بریتانیا نووسیویه‌تی: كریستیانۆ رۆناڵدۆ نایه‌وێت له‌ چامپیۆنزلیگ داببڕێت، چونكه‌ ترسی له‌وه‌ هه‌یه‌ لیۆنێل مێسی ریكۆردی زۆرترین گۆڵی چامپیۆنزلیگی بكشێنێت.
رۆژنامه‌ی سه‌نی به‌ریتانیاش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ یانه‌ی چێڵسی نزیكترین یانه‌یه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆ.
سه‌رچاوه‌كه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ سه‌رۆكه‌ نوێیه‌كه‌ی یانه‌ی چێڵسی ئۆفه‌رێكی پێشكه‌شی كریستیانۆ رۆناڵدۆ و نێیمار دا سیلڤا كردووه‌ و ده‌یه‌وێت ئه‌م دوو یاریزانه‌ بۆ چامپیۆنزلیگ و پرێمه‌رلیگی وه‌رزی داهاتوو سه‌ركردایه‌تی یانه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌ بكه‌ن.