نمایشکرانی شانۆی (ئاژەڵ) 


لە شاری سلێمانی شانۆی (ئاژەڵ) بۆ ماوەی دوو رۆژ نمایش كرا كە بەرهەمی گروپی (هیوا)ی رۆژهەڵاتی كوردستانە و باس لە دۆخی ژنانی كۆمەڵگەی كوردی دەكات.

شانۆگەری (ئاژەڵ) لە نووسین و دەرهێنانی میرزا فەرزاد، دەرهێنەری رۆژهەڵاتی كوردستانە و بەرهەمی گروپی هیوایە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و پێشتر لە 17یەمین فیستیڤاڵی شانۆی سەقز نمایشكراوە.
شەهێن سابیر، بەرپرسی راگەیاندنی گروپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە بە (هەولێر)ی راگەیاند، ستافی ئەم بەرهەمە شانۆییە لەلایەن تیپەكەیان بۆ سلێمانی بانگهێشت كراون و ناوەڕۆكی شانۆییەكە باس لە پرسی ژن دەكات.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، گروپی شانۆی هیوا، لە بواری شانۆدا پر ئەزموونن و ئەوانیش ئامانجیانە لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی كولتوری و هونەری پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ باكور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان دروست بكەن بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین چالاكیی هونەری و رۆشنبیری لە سلێمانیدا بکرێت.
هەر لەو بارەیەوە میرزا فەرزاد، دەرهێنەری شانۆگەرییەكە بە (هەولێر)ی راگەیاند، ئەم شانۆییە لە خولی حەڤدەیەمینی فیستیڤاڵی شانۆی كوردی سەقز نمایشكراوە و وەك شانۆی هەڵبژاردەی یەكەم لە لیژنەی هەڵسەنگاندن و دادوەری هەڵبژێردراوە، هاوكات پێنج خەڵاتی زێڕینیشی لە هەمان ڤیستیڤاڵدا بەدەست هێناوە.
فەرزاد روونیكردەوە، هونەرمەند گەزیزە عومەر كە لەو فیستڤاڵەدا بەشداری كردبوو دوابەدوای بینینی شانۆگەرییەكە پێشنیاری كرد لە سلێمانی نمایش بكرێت، ئەوانیش وەك گروپی هیوا نمایشی شانۆییەكەیان هێناوە بۆ سلێمانی.
بەوتەی دەرهێنەرەكە، ئەم كارە لە فەزای كوشتارگایەكدایە و باس لە بنەماڵەیەك دەكات كە لەناو كوشتارگەیەكدا كار دەكەن، بووكەكەیان دەكوژن، بەڵام دیار نییە كێ كوشتوویەتی، بەگشتی شانۆگەرییەكە بارودۆخی ژن لە نێو كۆمەڵگەی كوردیدا دەخاتەڕوو، هەمانكات پیاویش وەك قوربانییەك لەنێو كۆمەڵگەدا دەناسێنێت.

ھەواڵی زیاتر