پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

سەرۆكی حكوومەت بەڵێنی تەواوكردنی رێگەی كەلار- دەربەندیخانی داوە

مەزهەر كەریم – سلێمانی

ڕێگای دەربەندیخان_كەلار، كە بەرێگای مەرگ ناسراوە، حكوومەتی هەرێم بڕی 60 ملیار دیناری دیكەی بۆ تەرخان كردووە، كۆمپانیای جێبەجێكاری پڕۆژەكە لەچاوەڕوانی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەدایە تا دەستبكاتەوە بەكارەكانی.

دانا عەبدولكریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی هەرێم لەبارەی پڕۆژەكەوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، بەفەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی یاسایی بۆ دابینكردنی بڕی 60 ملیار دینار هەیە بۆ تەواوكرنی رێگەكەی دەربەندیخان – كەلار، بەڵام هێشتا پارەكە دابین نەكراوە، لەهەوڵی چارەسەری ئەو كێشەیەداین، دەڵێت: “ئەم ڕێگایانەش هێندەی موچە گرنگن، بۆیە داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران كردوە، دە ملیۆن دۆلار مانگانە لە داهاتی نەوت، بۆ ئەم پرۆژانە تەرخان بكات”.
وتیشی:” تائێستاش حكوومەت لەڕووی دارایەوە یەكگرتوو نیە، داوامان لەسەرۆكی حكوومەت كردووە هاوكارمان بێت كە هەرێمی كوردستان یەكگرتوو بێت، چونكە مەترسی گەورە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە ئەگەر بمانەوێت هەرێمی كوردستان بمێنت دەبێت یەكگرتوو بین “.
وەزیری ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان، جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە، بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت ناڵێت لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی بڕی 60 ملیار دینار بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان بكرێت ئەوەی باس دەكرێت لەو بارەیەوە ڕاست نیە بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت لەسەر بوجەی وەبەرهێنان تەرخان بكرێت”.
ئەندازیار عەدنان خەلیل بەرێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان، لەبارەی تەواوكردنی ڕێگای كەلار دەریەندیخانەوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، بەردەوام داواكاری بەرزدەكەنەوە، بەڵام شایستە داراییەكانی بۆ دابین ناكرێت، ئەم رێگەیە زۆر گرنگە، چونكە عێراق دەبەستێتەوە بەوڵاتی ئێران و سێ مەرزی گرنگی تێدایە وەك تیلەكۆ ‌و پەروێزخان‌ و مەزری مونزیریە، وتیشی: ” ئەگەر تا وەزری باران بارین ئەو رێگەیە چاك نەكرێت بەنزیكی دە كیلۆمەتری رێگەكە قیری پێوە نامێنێت ‌و دەبێتە گل‌ و قوڕ لەساڵانی ڕابردوو دوو پردی ڕووخاوە و لەم سالیشدا ئەگەر زۆرە چەندین پردی دیكەی بڕوخێت، بەبەردەوامی هەموو ڕۆژێك ڕووداوی هاتوچو ڕوودەدا هەندێك شوێنی رێگاكە ئۆتۆمبیلەكانی باش ناتوانن رێبكەن”.
عەدنان خەلیل وتیشی:”چەند جارێك داوامان كردووە لەرێگەی چەند پارچە زەویەكی گران بەها لەسنوری كەلار بدرێت بەبەڵێندەر لەبری هۆكاری شایستە داراییەكانی تا زوو رێگەكە تەواو بكرێت بەڵام ئەمەش نەكراوە بەهۆكاری نەبونی مەرجی یاسایی پێویست لەوبارەیەوە هیچ ئەنجامێكی نەبووە”.
عوسمان حەمە سەعید، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بێشكان كە ماوەی پێنج ساڵە كار لە رێگەی دەربەندیخان كەلاردا دەكات وتی :” لەماوەی دو ساڵدا پڕۆژەكەمان تەواو دەكرد كە چل ‌و دوو كیلۆمەترە، بەڵام بەهۆكاری ئەوەی پارەی بۆ تەرخان ناكرێت ماوەی شەش مانگە كارەكانی ڕاگیراوە ئەگەر پارەكەمان بۆ تەرخان بكرێت ئەوا بەزوترین كات دەستدەكەینەوە بەكاركردن”.
وتیشی:” كارەكانی ئەو پڕۆژەیە لە 54% تەواو بووە كێشەی تەواو نەبوونی ئەوەیە حكومەت دوو مانگ پارەی بۆ تەرخان دەكات هەشت مانگ پارەی بۆ تەرخان ناكات، لەساڵی 2021 دە ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە ‌و هەشت ملیارمان وەرگرتووە لەئێستادا دە ملیارمان لای حكوومەتە، پارەی مانگی 2021 مان وەرنەگرتووە لەحكوومەت بەڵێنیان پێداوین بەزوترین كات ئەویشمان بدەنێ”.
ئەوەش دەڵێت:” ئەو كارەش بڕەكەی 132 ملیۆن دۆلارە ئێمە ناتوانین ئەوكارە تەواو بكەین پارەمان نەدەنێ سەرباری ئەوەش ئێمە سەد پارچە ئالیات ‌و كەمپمان سوتاوە لەبەرخۆردا 65 ملیار دینارمان ماوە، سێ ساڵە چاوەڕوانین پارەمان بۆ تەرخان بكرێت و نەکراوە، لەئێستادا سەرۆكی حكوومەت بەلێنی پێداوین تا ئەو بڕەمان بۆ دابین بكات تا پڕۆژەكە تەواو بكەین، بەو بڕە پارەیە لەماوەی ساڵ‌ و نیوێك پڕۆژەكە تەسلیم دەكەم‌ و تەواو دەبێت”.