ماڵپەڕی ناشناڵ: هێرشە موشەکییەکان مەترسین بۆسەر داهاتووی گازی سروشتی ناوچەکە و جیهان

دلۆڤان رەحیم – هه‌ولێر

بەردەوامی ئەو هێرشە مووشەکییانەی دەکرێتە سەر کێلگەی گازی کۆرمۆر لەلایەن گرووپە چەکدارەکان کاردانەوەی نێودەولەتی و سەرکۆنەی بەرپرس و شارەزایانی لێکەوتەوە، ئەوانەی لەسەر ئەو پرسە نووسیویانە دەڵێن؛ هەندێک گرووپی لە یاسا دەرچوو دەیانەوێت بە گوشار رێگە لە پلان و کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بگرن لە ناردنی گازی سرووشتی بۆ بازاڕەکانی جیهان .

ماڵپەڕی ناشناڵ لە راپۆرتێکدا لەبارەی دووبارە بوونەوەی ئەو هێرشانە، بە مەترسی بۆ سەر داهاتووی گازی سرووشتی لە ناوچەکە و جیهان دەزانێ بەو پێیەی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەرهەمهێنانی گاز بەرزبکاتەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی بەشێکی پێویستییەکان پڕ بکاتەوە .
لەو دابەشبوونەی لە عێراق لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە، موشەک و درۆنەکان زیادیان کردووە، دەیانەوێت گوشار لەسەر هەرێمی کوردستان زیاد بکەن.
هادی جەلۆ، بەرپرسی بەشی سیاسی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەغدا دەڵێ “بەو موشەکانە گرووپە چەکدارەکان دەیانەوێت چەند پەیامێک بگەیەنن، ئێستا وای لێهاتووە موشەکبارانی کێڵگەی گازیش بووەتە ئامانجێکی ئەو گرووپانە .”
هەرچەندە هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام وەکو جەلۆ دەڵێ :”دەکرێت ئەوانەی موشەکەکان دەهاوێژن لایەنی نێوخۆیی و هەرێمی بین بیکەنە کارتی گوشار بۆ سەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، هەروەها یاریکەری ناوچەیی کە نایانەوێت هەرێمی کوردستان گاز بۆ دەرەوە هەناردە بکات .
لەوەتەی جەنگ لە ئۆکراینا دەستیپێکردووە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چەند بۆنەیەکدا دەستپێشخەری ئەوەی کردووە بۆ ئەوروپا کە هەرێمی کوردستان دەتوانێ بەشێک لە پێویستییەکانی ئەوروپا بۆ گازی سرووشتی پڕ بکاتەوە، گازی کۆرمۆر یەکێکە لە پلانە سەرەکییەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی گاز، کێڵگەیەکی سەرەکی کەرتی گازە لە هەرێمی کوردستان و یەدەگێکی زۆری گازی تێدایە .
لە ساڵی 2007دا دانا گاز کە بەشێکە لە کۆنسێرتیومی کریسنت پەترۆلیۆم تەندەری پەرەپێدان و کارکردنی لەو کێلگەیە بردەوە، کێڵگەکە لەلایەن پیرڵ پەترۆلیۆم پەرەی پێدرا کە بەشێکە لە دانە گاز و کریسنت پەترۆلیۆم لەگەڵ چەند هاوبەشێکی دیکە .
بەرهەمهێنان لە کێڵگەکەدا لە 2008 دەستیپێکرد، گازی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین کرد لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەمڕۆش گازی بەرهەمهێنراو لەو کێڵگەیە لە بەرهەمهێنانی کارەبا خەرج دەکرێت ٪80ـی ئەو گازە لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمدێت .
دانەگاز پێشتر رایگەیاندبوو کە ٪50ـی بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە زیادیکردووە لەوەتەی 2018وە لە 305 ملیۆن پێ سێ جا بۆ 452 ملیۆن پێ سێ جا لە کۆتایی ساڵی 2021 دا پێکەوەش لەگەڵ 15 هەزار بەرمیل هاوتای نەوت لە رۆژێکدا لەگەڵ بەرهەمی زیاتر لە هەزار تۆن لە گازی شلکراوی پەستێنراو .
ساڵی رابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کار گرووپ گرێبەستێکیان واژۆ کرد بۆ درێژکردنەوەی بۆری گواستنەوەی گاز لە هەولێرەوە بۆ دهۆک پاشان بۆ سنووری تورکیا، هەر کاتێک بۆرییەکە گەیشتە دهۆک بە ئاسانی دەکرێت درێژ بکرێتەوە بۆ سنوور و تورکیاش لەودیو ئامادەکاری خۆی کردووە، لەو کاتەدا دەرگەی گەیشتنی گازی کوردستان بۆ جیهان دەکرێتەوە، ئێستاش ئەو گرووپە چەکدارانە دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ ئەو پرۆسەیە دروست بکەن .
لە نێوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵیش ١٢ مووشەک لەلایەن سوپای پاسدرانەوە ئاراستەی ماڵی شێخ باز بەرزنجی کران کە زیانی زۆری بە ناوچەکەیە گەیاند، پاش لێکۆڵینەوەکانیش هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتکرانەوە لە رێگەی لیژنەی لێکۆڵینەوەوە، سەلمێنرا جگە لە خانووی بازرگان و سەرمایەدارێک هیچ شتێکی دیکە لەو ناوچە نەبووە.

ھەواڵی زیاتر