كارزان گلی – ههولێر
قاوەخانەیەكی تایبەت بە ئافرەتان، دەكەوێتە تەنیشت باخی شای هەولێر و بەرامبەر بنكەی ئاگركوژێنەەوەی خانەقا. لە ٧٦٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی دانرا و لە ٢٠٦٢٠٢٢ دەست كرا بە كاركردن تێیدا.
چنوور عەلی، ئافرەتێكی خانەنشینە و دەڵێت بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی تەواوبوونی ئەو قاوەخانەیە دەكەم، چونكە ئەوێ دەبێتە شوێنی كۆبوونەوەی ئێمە و ئاڵوگۆڕكردنی بیر و را و بینینی هاوڕێیان.
ئەو بۆ “هەولێر” دەڵێت: ”خانەنشینم و ماوەیەكی زۆرە لە ماڵەوە دانیشتووم، دروستكردنی ئەو قاوەخانەیە خەونی من و سەدان ئافرەتی تری خانەنشینی وەكوو منە. رەنگە بپرسن بۆچی لە ماڵەوەن و ناچنە قاوەخانەكانی تر، كە پیاو و ئافرەتی لێیە واتە تێكەڵە، بەڵام ئەمە پرسیارێكی باش نییە، چونكە ئەگەر قاوەخانەیەك تایبەت بكرێت بە ئافرەتی خانەنشین، كەواتە حیسابمان بۆ كراوە و گرنگیمان پێ دەدرێت. دەمەوێت ئەوەش بڵێم، خانەنشینان ئەگەر بزانن قاوەخانەیەكی تایبەت بەوان هەیە، ئیدی بۆی دێن و كۆ دبنەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەكەین، جیا لەوەش نرخی قاوە و هەموو شتێكی كە لەوێیە وەكوو ئەوەی زانیومە هەرزانە و نابێتە بارگرانی بەسەر خانەنشینەوە، بۆیە سوپاسیان دەكەم كە پرۆژەیەكی لەو شێوەیەیان بۆ ئێمە دروست كردووە“.
بیرۆكەی دروستكردنی قاوەخانەیەكی تایبەت بە ئافرەتی خانەنشین، پێشتر لەلایەن سەید موحسین بەرزنجی، سەرۆكی سەنتەری خانەنشینانی هەولێر، كە بیرۆكەی چەند ئافرەتێك بووە، پێشكەش بە پارێزگاری پێشووی هەولێر، خوا لێی خۆش بێت فرسەت سۆفی كردبوو و ئەویش رەزامەندی لەسەر دابوو، بۆیە ئومێد خۆشناو، پڕۆژەكەی كردە كردار و دەست بەجێبەجێ كردنی كرا.
سەید موحسین، ئاماژە دەدات، كە گوژمەی پڕۆژەكە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزان دابین كراوە، كە ٩٨ ملیۆن دینارە و بۆ ماوەی چوار مانگی تر پڕۆژەمە تەواو دەبێت.
وا بڕیارە كوردستانە موكریانی، نووسەری دیاری كوردستان و چالاكوانی بواری ئافرەتان، بكرێتە بەڕێوەبەری ئەو قاوەخانەیە، چوونە ژوورەوەش تەنیا بۆ ئافرەتی خانەنشینە و دەبێت ناسنامەیان بۆ دروست بكرێت تا لە رێگەی ئەو ناسنامەیەوە بێنە ژوورەوە، دروستكردنی ناسنامەش بۆ ئافرەتە خانەنشینەكان لە قاوەخانەی ناوبراو دەستیپێكردووە.
مەلیحە مەجید، دڵخۆشە بە دروستكردنی قاوەخانەیەكی تایبەت بە ئافرەتی خانەنشین و دەڵێت، ئیدی ئەو شوێنە تەنیا نابێتە شوێنی قاوە خواردنەوە و دانیشتن، بەڵكوو چالاكی جۆراوجۆری لێ دەكرێت و دەبێتە بنكەیەكی گرنگی ئاڵوگۆڕی بۆچوون و پێشنیاری پڕۆژەی گرنگی تایبەت بە ئافرەت، بۆیە گرنگییەكی تایبەتی هەیە.
ئەو ئافرەتە خانەنشینە، داوا دەكات پڕۆژەی لەو شێوەیە لە شارەكانی تری هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، چونكە خزمەتێكی گەورەیە بە ئافرەتی خانەنشین.
باسی لەوەش كرد، ئەوەی گرنگە، هاتنە ژوورەوە تەنیا بۆ ئافرەتی خانەنشینە و لەوان زیاتر كەسی تر بۆی نییە بێتە ژوورەوە، ئەمەش وا دەكات كە شوێنەكە تایبەتمەندی خۆی هەبێت و كەشێكی خۆشیش بۆ ئافرەتی خانەنشین دروست بكات.