لەماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا ١٣٠هەزار هەلی کار بۆ دەستی کاری ناوخۆ ڕەخساوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەپێی یاسا پێویستە ھەموو کرێکاران دەستەبەر بکرێن، ئەوەش بۆ ئەوەیە ھەموو مافێکیان دەبێت لە خانەنشینی و ھەبوونی کێشەدا. بەگوتەی بەرپرسێکی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، تا ئێستا زیاتر لە ١١٥ ھەزار کرێکار دەستەبەر کراون. دەشڵێ، ھێنانی کرێکاری بیانی بۆ ھەرێم سنووردار کراوە، ئەوەش وای کردووە ھەلی کار لە کوردستان زیاد بێت.

لە یاسای کاردا مافی کرێکاران پارێزراوە، ئەو یاسایە زیاتر جەخت لە ماف و ئیمتیازاتی کرێکار دەکاتەوە کە مافەکانی پێشێل نەکرێت، ھەر کرێکارێک لە شوێنێک کار بکات کە ڕێنمایی کارکردنی ھەبێت، ئەو یاسایە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی مافی کرێکار نەفەوتێت، بۆیە کرێکاران ئەو یاسایە بە گرنگ دەزانن و بە ھەزاران دەرفەتی کاریش دەڕەخسێنێت.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی تایبەتی داوە بە زیادکردنی ھەلی کار و پلانیشی داناوە بۆ ئەوەی ھەلی کار بۆ کرێکاران زیاد بکات، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین ڕێکاری گرتۆتەبەر، لەوانە وەکو ھەنگاوی یەکەم ھەر پڕۆژەیەک لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەتی پێبدرێت پێویستە سەدا ٧٥ی کرێکاری ناوخۆیی بن ئەگەرنا مۆڵەت بە پڕۆژەکەی نادرێت، جگە لەوەش ھێنانی کرێکاری بیانی مەرجەکانی زۆر قورس کراوە، بۆ ئەوەی دەرفەت بە کرێکاری ناوخۆیی بدرێت، ئەوەش وای کردووە ھەلی کار لە ھەرێمی کوردستان زیاد ببێت، چونکە ئێستا لە پڕۆژەکان کرێکاری ناوخۆیی کار دەکەن، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٣٠ھەزار ھەلی کار بۆ دەستی کاری ناوخۆ رەخساوە، لە کۆی ٦٩٩ پڕۆژە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار لە کەرتی وەبەرھێناندا رەخساوە، ژمارەیەکی زۆری گەنجان و خاوەن بڕوانامەکان سوودیان لەو پڕۆژانەی کەرتی تایبەت بینیووە.
نزمی مووسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بە “ھەولێر”ـی گوت:” بەپێی یاسا پێویستە ھەموو کرێکاران دەستەبەر بکرێن و مانگانە ١٧%ی کۆی مووچەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سندووقی دەستەبەری کار و لەکاتی خانەنشینیدا بۆیان خەرج دەکرێت، ئەگەر کرێکارێک تووشی رووداوێکی نەخوازراو بێت، یان کۆچی دوای بکات، لە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی مانگانە مووچەکەی دەدرێتێ، بەڵام ئەوانەی لە فەرمانگەکانی ئێمە دەستەبەر نەکراون بێبەش دەکرێن لەو ئیمتیازاتانە کە تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١١٥ ھەزار کرێکار دەستەبەر کراون، رۆژانەش ژمارەکە زیاد دەبێت، بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی مافی کرێکاران پارێزراو بێت”.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، دەشڵێ:” دوو جۆر کرێکار دێنە ھەرێمی کوردستان، کرێکار ھەیە بۆ پرۆژە دێت، کرێکاریش ھەیە بۆ خاوێنکردنەوەی ناو ماڵ دێت، ئەوانەی بۆ خاوێنکردنەوەی ناو ماڵ دێن، ٩٥% لە رێگەی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتییەوە دێن، ئەوانەی دیکە کە بۆ پرۆژەکان دێن، زۆربەیان لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ دێن، ھێنانی کرێکاری بیانی سنووردار کراوە، بەگوێرەی یاسا ھەموو کرێکارێکی بیانی ئەگەر مۆڵەتی فەرمی وەربگرێت، مافی ھەیە بۆ کارکردن بێتە ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا تەنیا مۆڵەت بە ھێنانی ئەو کرێکارانە دەدرێت کە کرێکاری ناوخۆ نایکات، یان بەدەست ناکەوێت، ئەوەش وای کردووە کە ھەلی کار زیاد بێت، بۆیە ئەوانەی دێنە ھەرێمی کوردستان زیاتر کرێکاری خزمەتگوزاری نێوماڵانن.
نزمی مووسا، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئاشکراشی کرد:” ئەو کۆمپانیانەی کرێکاری بیانی بۆ پڕۆژەکان دێننە ھەرێمی کوردستان، لیژنەکانی ئێمە سەردانی شوێنی کارەکەیان دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی ھێنانی کرێکاری پڕۆژەکان پێوستە”.

ھەواڵی زیاتر