ھە‌رێم لە‌بە‌ردە‌م ھە‌ڕشە‌كاندا

ڕەسووڵ سوڵتانی

لەو ڕۆژەوە كە پرسی كورد، وەكوو پرسی نەتەوەیەكی بندەست سەری هەڵداوە، داگیركەرانی كوردستان لەسایەی ئەو پرسەوە ترسی دامەزرانی دەوڵەتی كوردییان لێ نیشتووە و لە پێناو نەهێشتنی ئەو خەونەدا، سەدەیەكە هەموو جۆرە كوشتنێكیان لەسەر ئەو میڵەتە تاقی كردووەتەوە.
ئەوەی جێی ڕامان و سەرسووڕمانە، ئەقڵەتی ساویلكانەی داگیركەرانە، كە ئەوان پاش سەدەیەك ڕاوەدوونان و زیندانیكردن و كوشتنی ئەو میڵەتە، تا ئێستا نەك نەیانتوانیوە لە ئاوات و ئامانجەكانی پاشگەزی بكەنەوە، بگرە نیشتمانپەروەرانی كوردیان شێلگیرتر كردووە و ڕوخساری كرێت و دڕندەی خۆیان پتر دەرخستووە.
ئەمڕۆ بیانووی بەغدا بۆ هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان دۆسیەی نەوت و گازی هەرێمە‌، لەحاڵێكدا سەدەیەكە پارەی ئەو نەوت و گازە دراوەتە چەك و چۆل و ماڵی كوردی پێ وێران كراوە و دراوەتە سوپایەكی دڕندە كە خوێنی كوردی ڕشتووە. هەر ئێستا بەغدا قەرەبووی ژیان و ماڵی هەزاران بنەماڵەی كوردی لە ئەستۆیە و خۆی
لێ دەدزێتەوە. تاكی كورد، بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە مافی خۆیانە رەخنەیان لە حكوومەت و نادادپەروەری بگرن. ئەوە مافی هەموو هاووڵاتییەكە، بەڵام هیچ هاووڵاتییەك مافی ئەوەی نییە بە هاتنی سوپای داگیركەر خۆش بێت. ئەوە ناچێتە چوارچێوەی ئازادی و مافەوە. ئەوە ڕێك پێشێلكردنی هەموو مافەكانی میڵەتێكە لەلایەن ئەو كەسەوە. ئەوە فرۆشتنی ژیان و مێژووی میڵەتێكە.
ئەم نیشتمانە و مێژووەكەی، ئەم گەلە و زمانەكەی مڵكی
هیچ دەسەڵات و دەسەڵاتدارێك نین، بەڵام ئەركی سەرشانی هەموو دەسەڵاتدارێكە خزمەتی بكات و بیپارێزێت، ئەوەندەش ئەركی سەرشانی هاووڵاتییانە بیپارێزن.
ڕووناكبیران پێویستە خاك و دەسەڵات لێك جیا بكەنەوە. تەنانەت ئەگەر دەسەڵات سەداسەدیش بەدڵی ئەوان نەبوو، ئەوان نابێ لەداخی دەسەڵات پشت لە خاك و ئاڵای خۆیان بكەن. وەها كردەوەیەك بەهەر بیانووەكەوە بێ، خیانەتێكی نەبەخشراوە و بۆ لێبوردن نابێ.
هەرێمی كوردستان، وەكوو دەستكەوتێكی ئەم سەدەیەی
خەباتی بەشێك لە كوردستان، بووەتە چقڵی چاوی ئەو كەسانەی كە نەیانتوانیوە پێش بە دروستبوونەكەی بگرن. ئەو نەیارانە هەموو پلان و پیلانێك بۆ لەباربردنەكەی دادەڕێژن. ئەوانەی چاوی تەماحیان لەهەرێمی كوردستانە، بۆخۆیان هیچ كارنامەیەكی ڕوون و جوان و خزمەتگوزارییان بۆ وڵات و گەلی خۆیان پێ نییە.
خەڵكی ئەو وڵاتانە لەوپەڕی هەژار و بێ دەرەتانیدا بەدەم ئازارەكانی ژیانی ڕۆژانەوە دەناڵێنن، ئەوان ئەگەر تەنانەت بۆ میڵەتی خۆشیان دادپەروەر بن، كە بێنە كوردستان تەنیا مەرگ و وێرانی دێنن. ئەوانەی پێیان وایە بەهاتنی سوپای بەغدا كوردستان دەبێتە بەهەشت و مووچەكەیان دابین دەبێت، تەنیا ئاوڕێك لە نەورۆزی ئەمساڵی كەركووك بدەنەوە كە پارێزگارە داسەپاوەكەی ئەو شارە مۆڵەتی تەنیا چەند سەعاتێكی پێ دابوون. ئەوە ئەوپەڕی سووكایەتییە بە میڵەتێك كە تەنانەت سەددامی بەعسیش وەها سووكایەتییەكی پێ نەكردبوو.

ھەواڵی زیاتر