وەزارەتی کشتوکاڵ 5 هەزار هەلی کار رادەگەیەنێت

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان 5 هەزار هەلی کار لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچووانی بەشەکانی کشتوکاڵ رادەگەیەنێت.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند: “پێنج هەزار هەلی کار لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچووانی بەشی کشتوکاڵ دەڕەخسێندرێت، لە داهاتوودا بەرهەمی کارەکانیان چ لە بازاڕەکانی ناوخۆی کوردستان و عێراق و هەروەها بە بازاڕەکانی دەرەوە دەبەسترێتەوە، کە ئەمە یەکێکە لە خەونەکانی ئێمە لە سەرەتای ئەم کابینەیەوە، لەگەڵ وڵاتی هۆڵەندا کارمان لەسەر کردووە لێرەوە سوپاسیان دەکەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد: “لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق هەنگاوی گەورەمان بڕیوە و چەند لێکتێگەیشتنمان واژۆکردووە، بۆ ئەوەی دەرگاکان بەڕووی بەروبوومە ناوخۆییەکان بکرێنەوە لەسەر ئاستی دەرەوە، بە خۆشحاڵییەوە لە رابردوودا ئەو بەروبوومانەی لەناوخۆ زیادبووە هەناردە کراوە”.

وەزیری کشتوکاڵ، گوتیشی: “ئێستا لەگەڵ نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەوە دەکەین بەرهەمی هەنار هەناردەی وڵاتی ئیمارات بکەین، بەڵام هەموو ئەو بابەتانە پێویستیان بەوەیە کە تایبەتمەندییەکانی ئەو بەرهەمانەی دەینێرین بەپێی خواستی ئەو وڵاتانە بێت کە خۆیان دەیانەوێت، هەروەها دەبێ بەپێی ئەو بنەمای خواستی وڵاتان بۆ بەرهەم رێنمایی جووتیارەکانمان بکەین”.

ھەواڵی زیاتر