٩ هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون ٩٠%ی کارەکانیان تەواو بووە و بەسەر کرێنشینان دابەشدەکرێن

جگە لەو ٢٠ ھەزار یەکەی دەستەی وەبەرھێنان، ٩ ھەزار یەکەی دیکە ٩٠% کارەکانیان تەواوە بووە، بەوەش نزیکەی ٣٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێ بوون بەسەر کرێنشینان دابەش دەکرێن.

بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاردراوە، ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ھاووڵاتییانی کرێچی و کەمدەرامەت دروست بکرێت، بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش کراون، ئێستا دەستەی وەبەرھێنان بەشێوەیەکی ئۆنلاین پڕکردنەوەی فۆڕمی بۆ وەرگرتنی ئەو یەکانە خستووەتە بەردەستی ھاووڵاتیان، بۆ ئەوەی زانیارییەکانیان لە رێگەی ئەو فۆڕمەوە بنێرن، کە تا ئێستا نزیکەی ٨٠ ھەزار کەس فۆڕمی پڕ کردووەتەوە و بڕیارە تا ٢ی تەمووز بەردەوام بێت.
لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ھیچ شێوەیەک دەستوەردان و مەحسوبییەت و مەنسوبییەت ناکرێت، پڕۆسەکە زۆر بە ‌شەفافی ‌ئەنجام دەدرێت، لەسەر بنەمای پێویستی و مەرجەکان فۆڕمەکان دابەش دەکرێن و ھاووڵاتیانیش سوودمەند دەبن، گێڕانەوەی قیستەکانیش بە درێژترین ماوە دەبێت و کەمترین پێشەکیش وەردەگیرێت.
مەریوان مەلا حەسەن، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ “ھەولێر” گوتی؛ ٩ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان دروست کراون، ھەر یەکەیان بەڕێژەیەک تەواوبووە ھەیە ٩٠% و ھەیە ٨٥% ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی بودجە بۆ تەواوکردنی ئەو یەکانە دابین بکرێت، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بڕیاریداوە پێویستە بەزووترین کات تەواو بکرێن و بەسەر ھەژار و کەمدەرامەتان دابەش بکرێن”.
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ:” ئەو یەکانە لەسەرجەم شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دروست کراون، بە تەواو بوون و دابەشکردنیان رێژەی کرێنشینان کەم دەبێتەوە”.

ھەواڵی زیاتر