کۆمپانیای داناگاز:بەبێ پچڕان بەردەوام دەبین لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنان

کۆمپانیای دانا گاز لە بەیاننامەیەکدا باسی لە هێرشە موشەکیەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو کردووە بۆسەر کێ:گەی کۆرمۆر و رایگەیاندووە؛ هێرشە مووشەکیەکانی چەند رۆژی رابردوو هیچ زیانێکیان نەبووە، بەبێ پچڕان بەردەوام دەبین لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنان.

لە بەیاننامەکەیدا کۆمپانیای داناگاز، دەڵێت”هێرشە مووشەکیەکانی چەند رۆژی رابردوو هیچ زیانێکیان نەبووە، بەبێ پچڕان بەردەوام دەبین لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنان، لە کاتێکدا رێکارە ئەمنیە پێویستەکان توندتر دەکرێن تەنیا بەشێوەیەکی کاتی کارکردن لە پرۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر KM250 راگیراوە.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کۆمپانیاکە راستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە لەگەڵ حکوومەتی عێراقی پشتیوانیەکی تەواویان بۆ دەربڕیووە.
داناگاز راشیگەیاندووە، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژیانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکاری ئەمنی پێویستی لە کۆرمۆر گرتووەتە بەر، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەکی زیاتری هێزی ئەمنی هێناوەتە ناوچەکە بەمەبستی پاراستنی کێڵگەکە.
پرۆژەی فراوانکردنی KM250 وەبەرهێنانی کۆی گشتی 630 ملیۆن دۆلار لەخۆدەگرێت کە رێژەی بەرهەمهێنای گاز زیاد دەکات. بەپێی رێككەوتنێكی فرۆشتنی گاز كە لە مانگی ئازاری 2019 لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێم واژوو كراوە، کۆمپانیای پیرڵ پترۆلیۆم ئەو بڕە زیادەیەی گاز دەفرۆشێت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی گونجاو و پاکتر بۆ وێستگەکانی کارەبای ناوخۆیی، هەروەها زیاتر بەرزکردنەوەی پێدانی کارەبا لە هەرێمدا.
لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک لە ڕێگای هاوەنی دوور مەوداوە، کێڵگەی کۆرمۆ کرایە ئامانج و ئەو هێرشانەش کاردانەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا.

ھەواڵی زیاتر