هەرێمی کوردستان ڕێگای لە کۆچی بەلێشاوی هاووڵاتیانی عێراق گرتووە

بەھۆی بەردەوامیی ھەڕەشە و مەترسییەکان و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری و ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی سەرەتایی ھێشتا زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان ماون. بەرپرسی ئاوارە و پەنابەران لە سنووری پارێزگای ھەولێر، دەڵێ: ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕایانگەیاندووە چی دیکە ھاوکاریی ئاوارە و پەنابەران ناکەین. حکوومەتی عێراقیش پشتی لە ئاوارەکان کردووە، بەوەش بارگرانییەکی زۆر دەکەوێتە سەر شانی حکوومەتی ھەرێم.

لە ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر ھەن، کە نزیکەی ٨٠٠ ھەزار ئاوارەی ناوخۆ و ٢٦٦ ھەزار پەنابەری ڕۆژئاوا، زۆربەیان لە ٣٨ کەمی شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون، ھەندێک ئاوار و پەنابەریش لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر و ئاوارەکان بارگرانییەکی زۆریان لەسەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، بەتایبەتی لە ڕووی دارایی و کارگێڕییەوە، خەرجی ڕۆژانەی ھەر ئاوارە و پەنابەرێک ٣.٧ دۆلارە، بەو پێیەش خزمەتگوزارییەکانی ئاوارە و پەنابەران ڕۆژانە ٣ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار دۆلارە.
لەگەڵ دەستپێکی ھێرشەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی عێراق ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و ناوچەکانیان چۆڵ کرد، تا شەڕی داعش کۆتایی ھات لە ھەرێمی کوردستان مانەوە، بەڵام دوای شەڕی داعش ئامادە نین بگەڕێنەوە ئێستا تەنیا ژمارەیەکی کەم گەڕاونەتەوە دەشتی نەینەوا، ھۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانیش بۆ نەبوونی ئارامی دەگەڕێتەوە لە ناوچەکانیان و ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەیەک ژیانیان لە مەترسیدا بێت.
ئاوارە و پەنابەران دەڵێن، لە سایەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە نەک مەترسییان لەسەر نەماوە، لێرە بەپێچەوانەوە ھاوکاریشمان دەکرێت و ھیچ جیاوازییەکمان نییە لەگەڵ ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان”.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانی ھاوکاری پەنابەر و ئاوارەکان بکات، بە گوتەی بەرپرسانی ئەو دەزگایە، ئەرکی دەزگای خێرخوازی بارزانییە کە ھاوکاریی لێقەوماوان بکات و ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە و خۆی بە خاوەنی ئەو خەڵکەی زانیوە و بەردەوام ھاوکاریی ئەو خەڵکەی کردووە کە پێویستیان پێ بووە.
جۆن نیکۆلا بۆز، نوێنەری یۆئێن ئێچ، سی، ئاڕ، لە عێراق و پارێزگاری ھەولێر، دەڵێ: “کوردستان شوێنێکی تایبەتە لە جیھاندا بۆ باوەشکردنەوە و لەخۆگرتنی سەدان ھەزار ئاوارەی جەنگ و بەتایبەتی لە سەردەمی ھێرش و پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا و حکوومەتی ھەرێم و خەڵکی ھەرێمی کوردستان پشتیوان و ھاوکاری پەنابەران و لێقەوماوان بوون لە ھەموو ئایین و نەتەوەکان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی و دامەزراوەکانی تری ھەرێم بە ھاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی خێرخوازیی جیھانی ھاوکاریی خێرایان گەیاندووەتە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و، دوای داعش خەڵکێکی زۆر گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانی پێشووی خۆیان، یان ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کردووە؛ ھێشتا چەند سەد ھەزار ئاوارە لە کەمپەکاندا ماون کە بەھۆی بەردەوامیی ھەڕەشە و مەترسییەکان و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری و ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی سەرەتایی لە زێدی خۆیان، ھێشتا لە ھەرێمی کوردستان دەژین. ھەر بۆیە دەبێت ھاوکارییە مرۆیییەکان بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوام بن و، ھیوایان خواست ھاوشێوەی ھەرێمی کوردستان لە سەرتاسەری جیھان سنوورەکان ھەڵبگیرێن و دەرگای وڵاتان بە ڕووی پەنابەران و ئاوارە و لێقەوماواندا واڵا بکرێن کە بەھۆی شەڕ و مەترسی و توندوتیژی و پەلاماری تیرۆریستی و شەڕ و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری و مەترسییەکان بۆ سەر پێکھاتە ئایینی و ئیتنییەکان و بەھۆی ڕووداوی سروشتی و دۆخی سەختی ژیان، یان کۆچی بەزۆرەملێ، وڵات و ناوچەکانیان جێی دەھێڵن و ھاوکاریی مرۆیی بکرێن.
عەباس ئەمیر، بەرپرسی کۆچ و کۆچبەرانی سۆران، بۆ “ھەولێر” دەڵێ: “حکوومەتی ھەرێم ئەوەی لە توانایدابووە ھاوکاری ئاوارە و پەنابەرانی کردووە، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە زیاتر لە سێ ساڵ دەبێت ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکاری ئەو ئاوارە و پەنابەرانەیان نەکردووە، ئەوەش گلە و گازندەی ئەوانی بەدوای خۆیدا ھێناوە”.
سروە ڕەسووڵ، بەرپرسی ئاوارە و پەنابەران لە سنووری پارێزگای ھەولێر، بە “ھەولێر”ـی گوت: “ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان ھەن، لەو ڕێژەیە ٣٧٤ ھەزار لە پارێزگای ھەولێرن، عێراق ھاوکاری ئاوارەکان ناکات، لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە چی دیکە ھاوکاریی ئاوارە و پەنابەران ناکەین، بەوەش ئەرکێکی ئێکجار زۆر کەوتۆتە سەر شانی حکوومەتی ھەرێم. بە سوپاسەوە دەزگای خێرخوازیی بارزانی توانیویانە لە ڕێگەی خێرخوازان و خۆیانەوە ھاوکاریی سەرەتاییەکانی وەک خۆراک و جلوبەرگ بەسەر ئاوارە و پەنابەراندا دابەش بکەن.
بەرپرسی ئاوارە و پەنابەران لە سنووری پارێزگای ھەولێر، دەشڵێ: “دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێ بگات کە بارودۆخی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە ھەرێمی کوردستانن جیایە لەوانەی کە لە شوێنەکانی دیکەی جیھان ھەن، لەبەر ئەوەی ڕاستە ئێستا زیاتر لە پێنج ساڵ تێپەڕیوە بەپێی ستانداردە جیھانیەکان و سیستەمی UN ئەوانە دەبێت بگەڕێنەوە شوێنەکانیان، بەڵام بارودۆخی ناوچەکانی ئەوان کە ئەم ئاوارانە لێیھاتوون ناڵەبارە، تا وەکو ئێستا لە شنگال خەڵک ئاوارە دەبێت، لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە دەبێت لە ئاستی باڵا لەگەڵ حکوومەتەکان ئیش بکات و بارودۆخی ئاسایی و ئەمنیەت بۆ ئەم خەڵکە بگەڕێنێتەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، یان پشتیوانییان بکەن لەو ناوچانەی کە لێی دەژین تا وەکو کێشەکانیان چارەسەر دەکەن”.

ھەواڵی زیاتر