لە توركیا و باكووری كوردستان 571 منداڵی كرێكار گیانیان لەدەست داوه‌

پەرلەمانتارێكی سەر بە پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) ئاشكرای دەكات، لە ماوەی 9 ساڵی رابردوودا، لە توركیا و باكووری كوردستان، 571 منداڵی كرێكار گیانیان لەدەست داوە.

لەرۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی كاركردن بە منداڵ، جاندان یوجەر، پەرلەمانتاری سەر بە جەهەپە راپۆرتێكی ئامادە كردووە و پێشكەشی پەرلەمانی توركیا كرد، لەوێدا چەند زانیارییەك لەسەر منداڵی كرێكار ئاشكرا دەكات.
یوجەر، لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی داوە، لە تەواوی توركیادا 23 ملیۆن منداڵ بوونی هەیە، لەو رێژەیە دوو ملیۆنی كار دەكەن، بەڵام دەزگای ئاماری توركیا دەڵێت 720 هەزاری كار دەكات.
لە ماوەی 9 ساڵی رابردوودا، لە توركیا و باكووری كوردستان، 571 منداڵی كرێكار گیانیان لەدەستداوە.
ئەو منداڵانە هیچ بیمەی تەندروستیی و كاریان نییە، بەگوێرەی گوتەی یوجەر، 30.8%یان لە سێكتەری كشتوكاڵ كار دەكەن، 23.7%یان لە سێكتەری پیشەسازی و 45.5%ی تریش لە بەشی خزمەتگوزاری كار دەكەن.
هەر بەگوێرەی گوتەی یوجەر، ئەو منداڵانەی لە سێكتەری كشتوكاڵ كاریان پێ دەكرێت، تەمەنیان لە نێوان 5 بۆ 14 ساڵاندایە.
سەلیم محەممەدئۆغڵو، یەكێكە لەو جوتیارانەی ئامەد، بۆ خۆی و سێ كوڕی لەگەڵیدا كاری كشتوكاڵی دەكەن، ئەو دەڵێت كوڕەكانم تەمەنیان نەبووەتە 18 ساڵان، بەڵام كاریان پێ دەكات و پەشیمانیش نییە.
محەمەدئۆغڵو، قسەی بۆ “هەولێر” كردووە و دەڵێت: ”سێ كوڕەم هەیە، یەكیان تەمەنی 11 ساڵانە و ئەوەی دووەمیان 13 و سێیەمیش 17 ساڵانە، لە كێلگەكەمدا یارمەتیم دەدەن و منیش وەكوو كرێكار حیسابیان بۆ دەكەم و مانگانە پارەیان پێ دەدەم. ئەوان هەرسێكیان دەخوێنن، بۆ خوێندن پێویستیان بە پارەیە، جا لە بری ئەوەی كەسی تر وەكوو كرێكار وەربگرم، كوڕەكانی خۆم كار پێ دەكەم“.
ئەو جووتیارە، پێی وایە منداڵ نابێت لەو تەمەنەدا كار بكات، بەڵام كاتێك بژێوی ژیان خراپ بوو و نەتتوانی ماڵ و منداڵ تێر بكەیت، بەناچاری كاریان پێ دەكەیت.
عەدنان، تەمەنی 14 ساڵانە و خەڵكی مێردینە، ئەو حەز دەكات زۆربەی كاتەكان بخوێنێت و ژیانی منداڵی خۆی بژیێت، بەڵام وەكوو ئەوەی خۆی باسی دەكات، لە دووكانێكدا سەعاتی مەچەک دەفرۆشێت و هەفتانەش پارەیەك لە بری ئەو كارەی وەردەگرێت.
وەكو ئەوەی باسی دەكات، ئەگەر كار نەكات، بژێوی ژیانی ماڵەوەیان زۆر خراپ دەبێت، چونكە باوكی نەماوە و برایەكی هەیە زۆر بچووكە، بۆیە پێویست دەكات كار بكات و پارەی كارەكەشی دەداتە دایكی بۆ خەرجی رۆژانە.
عەدنان دەڵێت: ”حەزم دەكرد لە بری ئەوەی كار بكەم بخوێنم، بەڵام كاتێك بژێوی ژیانت پێ دابین نەكرا و باوكت نەمابێت، ناچاری خوێندن بەجێبهێڵت و كار بكەیت“.

ھەواڵی زیاتر