به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی: ئه‌مساڵ زووتر دەستمان کردووەتە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران

پرسى گەنم و گرانى و چاودێرى کوالێتیی کەلوپەل و خواردەمەنیی نێو بازاڕ و دابەشکردنى بەشە خۆراک، پرسی سەرەکی ئێستای هاووڵاتیانی کوردستانە؛ لەم بارەوە “نه‌وزاد كامل مه‌حموود” به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانیم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیدا دواند.

  • به‌شه‌خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان کەم دەبێتەوە؟
    نه‌وزاد كامل: بۆ دڵنیایی خەڵک تا ئێستا چوار بەشە خۆراک هاتووە، زەیتی مانگی پێنج هاتووەتە ناو کۆگاکانی هەولێر، هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر یاسای پاراستنی خۆراک دا و یاساکەش دەرچوو، بودجەیەکى زۆر بۆ کڕینی خۆراک تەرخان کردووە، ئەم خۆراککڕینە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەبێت و بەشی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، بۆیە هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە بەشەخۆراکى ئەمساڵ لەچاو بەشە خۆراکی ساڵانی ڕابردوو زیاتر دەبێت، چونکە ساڵانی ڕابردوو ٦ بەشە خۆراک دەدرا، بەڵام ئەم ساڵ و تا ئێستا پێنج بەشە خۆراک دراوە، بۆیە ئومێد دەکەین لە ماوەی ئەو چەند مانگەی ماوە چەند بەشەخۆراکی دیکەش بێت، بۆ ئەوەی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بکەین. بەشە خۆراکەکانیش بریتین لە (برنج، زەیت، شەکر، دۆشاوى تەماتە، فاسۆڵیا، نیسک و ئارینۆک)، هەندێک جار نیسک و فاسۆڵیا و هەندێک جاریش نیسک و ئارینۆک بە یەکەوە دێت، بۆیە ئەم سێ ماددەیە بە یەکەوە هەموو مانگێک نادرێت. بۆیە هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە بەهیچ شێوەیەک بەشەخۆراکی مانگانە کەم نابێتەوە. لەبارەی کوالێتیش هەموو ماددەکان کوالێتیان باشە، لیژنەی تایبەت هەیە بۆ چاودێریان، جگە لەوەی کوالێتیی کۆنترۆڵی وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش پشکنینیان بۆ دەکات، ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانی پشکنینی بۆ دەکات دەنێردرێن بۆ وەزارەتی تەندروستی و ئەوانیش بڕیار دەدەن کە بە کەڵکی خواردن دێن یان نا، ئینجا دابەشی دەکەین بەسەر هاووڵاتییاندا. بۆ هەر نەفەرێک ٣ کیلۆ برنج و کیلۆیەک شەکر و لیترێک زه‌یت و نیو کیلۆ نیسک و نیو کیلۆ فاسۆلیا یا ئارینۆکە لە مانگێکدا، ئێستا لە هەرێمى کوردستان پێنج ملیۆن و ٢٢٥ هەزار کەس مانگانە بەشە خۆراک وەردەگرن و پسوولەی خۆراکیان هەیە، بەڵام ئەم ڕێژەیە بە پێی مانگ دەگۆڕێت، چونکە مانگانە حاڵەتی مردن و لەدایکبوون هەیە، بۆیە بەمەش کەم و زیاد دەکات.
    ـ ئەمساڵ چۆن گەنم وەردەگرن؟
    نه‌وزاد كامل: ساڵانی ڕابردوو گەنم له‌ ٢٢ی حوزه‌یران وەردەگیرا، بەڵام ئەمساڵ داوامان کردووە ئەو ڕێکەوتە پێش بخرێ، بۆیە وەزارەتی بازرگانی عێراق و کشتوکاڵی عێراق لەگەڵ هەریەک لە وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەو ڕێکەوتە بگۆڕدرێت بۆ ٢٥ی ئایار، لەبەر هەندێ هۆکاری ترسناک بۆ نموونە ئاگرکەوتنەوە، بۆ ئەوەى جووتیارەکان تووشی زیان نەبن، بۆیە لە ٢٨ى ئایاری ٢٠٢٢ یەکەم بارهەڵگر بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی هێنرایە ناو کۆگاکانی هەولێر و دواتر لە ناوچەکانی سلێمانی و کەلار و ناوچەکانی تریش دەستمان بە وەرگرتن کردووە، تا ئێستا زیاتر له‌ ٨١هەزارو٦٨٠ کیلۆ گەنممان وەرگرتووە لە هەموو سایلۆکانی هەرێم، ئەم بڕە لە ٢٨ی ئایار تا ١٢ی حوزه‌یران بووە، بۆیە ئومێد دەکەین زۆر زیاتر بێ چونکە ئەگەر هەموو گەنمی خۆمان بێتە سایلۆکانمان، ئەوا ڕەنگە پێویستمان بە گواستنەوە و هاوردەکردن نەبێت. ئەو گەنمەی هەمانە و بڕێك گەنمی ئوستورالی و ئەڵمانیشمان بۆ هاتووە، پێکڕا مانگانە دەتوانین تێکەڵی بکەین و گەنمێکی جوان و ئاردێکی باشی لێ دەردەچێ، بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بکەین. هەرچەندە ئەرکی وەزارەتی بازرگانیی عێراقە گەنم بنێرن ئەگەرهاتو خۆمان گەنممان نەبێ. لە هەرێمی کوردستان ئەگەر لە ساڵێکدا ١٠ بەشە ئارد دابەش بکەین، ئەوا پێویستمان بە ٧٥٠ هەزار تەن گەنم هەیە، چونکە بۆ هەر کەسێک ٩ کیلۆ ئاردی پێویست وە ئەگەر زیاتر دابەش بکەین بێگومان ئەو بڕەش زیاد دەکات، بۆیە تا گەنم هەبێ وەری دەگرین تەنانەت ئەگەر ملیۆنێک تەنیش بێ، چونکە سایلۆکانمان بەشی بڕێکی زۆر لە گەنم دەکات و دەتوانین گەنمەکەش بپارێزین و لەکاتی پێویستدا بەکاری بێنین. ساڵی ڕابردوو ١٢٥ هەزار تەنمان وەرگرت لە هەموو هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ کە لە ماوەى ئەم ١٢ ڕۆژە زیاتر لە ٨١هەزار تەنمان وەرگرتووە، ئومێد دەکەین بە گشتى ٣٠٠هەزار ته‌ن وەربگرین کە ئەمەش زۆر باش دەبێت، بەمەش ئیتر پێویستمان بە گواستنەوە نابێت. لە چەند مانگێک دەتوانین ئەو گەنمەی خۆمان لەگەڵ گەنمی هاوردەکراو تێکەڵی بکەین و بەکاری بێنین و دابەشی بکەین بەسەر هاووڵاتیاندا.
ھەواڵی زیاتر