غەفور عەبدوڵا: ڕاستە دەرهێنەر دەستنیشانی ئەکتەر دەکات، بەڵام ئەکتەر ئەوە خۆیەتی کە توانای خۆی دەردەخات

ناوێکی دیار و کەسایەتییەکی بەناوبانگ لە سینەما و درامای کوردی “غەفور عەبدوڵا”، لەم دیدارە تایبەتییەی “هەولێر”ـدا وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری هونەریمان دەداتەوە.

٭ ئێستا سینەمای کوردی بەرەوپێش چووەو زۆرێک لە وڵاتان بەهۆی فێستیڤاڵەکانەوە ئاشنان بە سینەمای کوردی، قسەی تۆ چییە و پێتوایە ئەمە بەرەوپێشچوونە؟
ـ بێگومان بەهۆی فێستیڤاڵەکانەوە ڕێگەیەکی باشە وڵاتانی تر ئاشنای فیلمە کوردییەکان دەبن، بوونی فێستیڤاڵی سلێمانی و دهۆک زۆر باشە بۆ ئاشنابوون بە کلتوری وڵات و گەلانی دیکە، بەڵام ئێمە بە شێوەیەکی گشتی لە سەرەتای دروستکردنی فیلمی کوردین.
٭ زۆرێک لە سینەماکاران خۆیان بە ڕابەری سینەمای کوردی دەزانن، تۆ پێتوایە سینەمای کوردی ڕابەری هەبێت؟
ـ ئێمە نەگەیشتوینەتە ئەو ئاستەی خۆمان بە ڕابەری سینەمای کوردی بزانین، وە بەبۆچوونی من ڕابەری سینەمای کوردیمان نییە.

٭ بە بڕوای تۆ توانای ئەکتەر لە خودی خۆیەوە نیشان دەدرێ یاخود دەرهێنەر ئەم توانایەمان نیشان دەدات؟
ـ ڕاستە دەرهێنەر دەستنیشانی ئەکتەر دەکات، بەڵام ئەکتەر ئەوە خۆیەتی کە توانای خۆی دەردەخات، ئەویش بە لێکدانەوەی کاراکتەرەکەی، خۆشەویستی و ئیشق بەرامبەر کارەکەی و دیراسەکردنی تواناکانی دەبینین.
٭ ئاستی ئێستای درامای کوردی چۆن دەبینی؟ پێتوایە هەر ئەو ئاستەی جارانی هەبێت کە چەند ساڵێک لەمەوبەر بە باشی قسەی لێ دەکرا، یانیش بەرەوپێش چووەو باشتر بووە؟
ـ بە بۆچوونی من هێشتا نەگەیشتوینەتە ئەو ئاستە بەرزەی کە دەمانەوێت، سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، بەڕای من هەندێ کاری ساڵانی پێشوو باشترە وەک لەم کارانەی ئێستا، ئەکتەر دەبێ بیروهۆشی لەلای کەسایەتی یەکەمی بێت، دیراسەی شەخسیاتی خۆی بکات.
٭ تۆ لە زۆرترین درامادا بەشداریت کردووەو حەقی تەواوت بە کارەکەی خۆت داوە، دەتوانم بزانم باشترین کار کە بەشداریت تێدا کردبێت لەلای خۆت کام کار بووە؟
ـ من چ لە فیلم و چ لەو درامایانەی بەشداریم تێداکردووە سەرەتا دیراسەی کەسایەتی خۆم دەکەم و بیری لێ دەکەمەوە چۆن ئەدای ئەو ڕۆڵە بکەم، وە من هەموو کارەکانی خۆمم لەلا پەسەندە، بەڵام ئەوە بینەرە دەستنیشانی دەکات کامیان باشترە. دووبارە دەیڵێمەوە من هەموو کارەکانی خۆمم خۆشدەوێ، بەڵام ئەوەی هەمیشە لە یادمە کاری فیلمی “مەرگی ئەرخەوانی” بوو لە دەرهێنانی “کامەران ڕەئوف” ساڵی 1992.
٭ هیچ پرۆژەیەکی نوێتان لەبەر دەستە لێرەوە ئاشنامان بکەیت؟
ـ بەڵێ هەمانە، بەڵام لە ئێستادا کارەکان تەواو نەبوونە و بۆ کاتی خۆی ئاگەدارتان دەکەمەوە، سوپاس بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر”.

ھەواڵی زیاتر